لە سایەی کۆچی پێغەمبەردا ﷺ. (5)


🍀🌿 لە سایەی کۆچی پێغەمبەردا ﷺ🌿🍀:

بەشی پێنجەم

نووسینی: مامۆستا سعید عبدالرحیم

( ئەشکەنجەو ئازارو خۆڕاگریی باوەڕداران)۰
پێغەمبەری خۆشەویست ﷺ و هاوەڵانی، ڕەزای خۆیان لێبێ، کەوتنە بەر پەلاماری دڕندانەی سەرانی قورەیش، بەڵام فەرمانی خوا، بریتیبوو، لە ئارامگرتن و درێژەدان بە گەیاندنی پەیامەکەیو خۆلادان لە ڕووبەڕوبوونەوە، دروشمی قوناغەکە ئەم ئایەتە پیرۆزەبوو: (فَاصْدَعْ بِمَا تُؤْمَرُ وَأَعْرِضْ عَنِ الْمُشْرِكِينَ) الحجر/۹٤.
ژیاننامەی خۆشەویست و مێژووی ئیسلام ئاوێزانە بەدەیان و سەدان داستنی جوامێری و خۆڕاگریی پێغەمبەری خۆشەویست و هاوەڵانی، لە ئەشکەنجەدانی بیلالی حەبەشی، تا شەهیدکردنی دایك و باوکی یاسر، کە پێغەمبەری خۆشەویست داوای ئارامگرتنی لیدەکردن و ئەیفەرموو: ئالی یاسر ئارامبگرن وادەتان بەهەشتە. ئەوە جگە لە ئازاردانی خودی پێغەمبەرو هێرشکردنە سەری لە نێو کەعبەی پیرۆزو هەوڵدان بۆ کوشتنی بە شێوازی جۆراو جۆر.
جا لەو سۆنگەیەوە، کە پێغەمبەر ﷺ ، دوا پێغەمبەرەو فرستادەی خوایە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و، پەیامەکەی بۆ تەواوی جیهانیانە بەگشی، پێغەمبەری خۆشەویست بیری لە جێگایەکی ئارام و لەبارتر کردەوە لە مەککە، بۆیە ژمارەیەك لە هاوەڵانی نارد بۆ حەبەشەو فەرمووی: بڕۆن لە ژێر سایەی پاشاکەیدا ستەم لە هیچ کەسێك ناکرێت، بەڵام هەرچی زوورە قورەیش وەفدێکی بە سەرۆکایەتی عەمری کوڕی عاص و، بەدەست و دیارییەکی گرانبەهاوە نارد بۆ حەبەشە، تا شوێنیان پێلێژ بکەن و بەدەرکردنیان بدەن، بەڵام موسڵمانەکان توانییان بۆ نەجاشی بسەلمێێن کە ستەملێکراون و پەیامی پێغەمبەرەکەیان و پەیامی؟عیسا پێغەمبەر، یەك سەرچاوەیان هەیە.
قورەیش کە زانیان موسڵمانەکان لانەیەکی ئارامیان دەستکەوتووە، تەواوی ڕێگاکانی چوونە دەرەوەی مەککەیان داخست و بێویژدانانە کەوتە ئازاردانی باوەڕداران، ترسناکترین بڕیاریان ئابلۆقەدانی موسڵمانەکان بوو لە شیوی ئەبوتالیب و، دەرکردنی بەلاغێك و هەڵواسینی بەدیواری کەعبەدا، کە تێیدا هاتبوو، نابێ کەس مامەڵەو کڕین و فرۆشتنیان لەگەڵ بکات، نابێ کەس ژن و ژنخوازییان لەگەڵ بکات، نابێ کەس بەزەیی پێیاندا بێتەوە،، بەم جۆرە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ تابڵۆقەیەکی ئابووری توندیان خرایەسەر، تا موسڵمانەکان دارو پوشوپەڵایان دەخوارد.
دوای ئەوە چەند پیاوێکی مەرد، لاپەڕەکەیان دڕاندو کۆتایی بە ئابڵۆقەکە هێنرا، بەڵام بەهۆی کاریگەری فشارەکان لەسەریان، خاتوو خەدیجەی هاوسەری و ئەبوتالیبی مامی کۆچی دواییان کرد، کە دوو پشتیوانی گەورەی خۆشەویست بوون.
بە مردنی ئەبوتالیب، قورەیش زیاتر دەستیان کرایەوە بۆ لێدانی پێغەمبەر، ئەویش بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەکی گونجاوتر بۆ خۆی و هاوەڵان و بانگەوازەکەی ڕووی کردە شاری تائیف، بەڵام دەسەڵاتدارانی شارەکە بەخراپترین شێوە بەگژ پێغەمبەردا چوون و منداڵ و مەرزمیان لێهاندا و بەردبارانیان کرد، بۆیە بەناچاری گەایەوە شاری مەککە.
لەو ماوەیەدا، لە حەبەشە پڕوپاگەندە بڵاوبوویەوە، کە موسڵمان لە مەککە ئازادکراون و دۆخەکە ئارام بۆتەوە، بەو هۆیەوە زۆربەی موسڵمانەکان گەڕانەوە بۆ مەککە، بەڵام کە زانییان هەواڵەکە درۆیە، دوبارە گەڕانەوەو ژمارەیەکی زیاتری هاوەڵان لە گەڵیان کۆچیانکرد بۆ حەبەشە.
سیاسەتی توندکردنی فشارو چاودێری لەسەر پێغەمبەر خۆشەویست بەردەوامبوو، بەڵام ئەو مکوڕبوو، لەسەر دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاوو ئارام بۆ بانگەوازەکەی، بۆ ئەم مەبەستە، لەکاتی هاتنی وفدی بازرگانی بۆ مەککە، لە نیوەی شەودا دزەی دەکردە شوێنی حەوانەوەیان و خۆی و پەیامەکەی پێدەناساندن، خۆشبەختانە ڕێیکەوت لە ژمارەیەك بازرگانی شاری مەدینەو باوەڕیان پێهێنا، بۆ ساڵی دواتر لەگەڵیان کۆبوویەوەو بەڵێنی لێوەرگرتن کە لەسەر ئاینەکەیان و یەکتاپەرستی و ڕەوشت بەرزی بەردەوام بن و دووربن لە شیرك و قەدەغە کراوەکان، موصعەبی کوڕی عومەیریشی لەگەڵ ناردن وەك یەکەم بانگخواز بۆ شاری مەدینە، ساڵی داهاتوو بە ژمارەیەکی زۆر ژن و پیاوی موسڵمانەوە هاتنەوەو بەدیداری خۆشەویست شادبوونەوە، ئەمجارە، بەڵێنی لێوەرگرتن کە چۆن بەرگری لەخۆیان و ماڵ و منداڵیان دەکەن، بەهەمان شێوە پشتیوانی لە پێغەمبەرو هاوەڵانی بکەن، ئەوانیش دەستیان خستە سەردەستی و بەڵێنیانپێدا، خوای پەروەردگار لەو بارەیەوە دەفەرموێ: (إِنَّ الَّذِينَ يُبَايِعُونَكَ إِنَّمَا يُبَايِعُونَ اللَّهَ يَدُ اللَّهِ فَوْقَ أَيْدِيهِمْ ۚ)، الفتح/۱۰.
بەم شێوەیە شاری مەدینەیە ئامادەو سازکرا، بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی مەککە و زەمینەی نوێی بانگەوازی ئیسلام.

ماویەتی



سەردان:  834