یادێک لە شۆڕەسواری کاروانی ئیسلامی کوردستان جەنابی مامۆستا سەیید نورالدینی سەرگەتی ڕەحمەتی خوای لێبێت. جەنابی مامۆستا سەیید نورالدین یەکێک بوو لەو مامۆستایانەی وەک مامۆستاکانی دیکەی ناوچەی هەڵەبجەو هەورامان کە سەرمەشق و خەمخۆرێکی گەورەی ئیسلام و موسوڵمانان بوو، لە پێگەیاندن و تێگەیاندنی فەقێ و فێرخوازانی زانستە شەرعییەکان تا دەگاتە خەمخۆری گەورەی گەڕانەوەی شکۆ و عیزەتی ئیسلام و موسوڵمانان، هەر لەو پێناوەشدا لەگەڵ جەنابی شێخی مەزن مامۆستا مەلا عوسمان و هاوڕێیانی کۆچ دەکەن بۆ ئێران و چەکی شەرەف و عیزەت لە شان دەکەن و دواتریش لەو کاروانە شەرەفمەندانە بەردەوام دەبێت تا بە ڕووسووری وسەربەرزی دەگەڕێتەوە بەر ڕەحمەتی خوای پەروەردگار. کورتەیەک لە ژیانی جەنابی مامۆستا: ناو، ونازناو، وبنەماڵەی: مامۆستا مەلا سەیید نورەدین، كوڕی سەیید حەبیب، كوڕی سەیید عیسا، كوڕی سەیید مستەفا، كوڕی سەیید موئمینە، لە بنەماڵەی سەییدەكانی سەرگەتە، كە لقێكن لە ساداتی بەرزنجە. مامۆستا سەیید نورى، لە ساڵی (1943 ز)، لە ئاوایی سەرگەت، لەدایكبووە، سەیید حەبیبی باوكی، یەكێك بووە لە ئەولیا وخواناسە بەرزەكانی سەردەمی خۆی، ئەم خەسڵەتەیش بە ئاشكرا لە پاڵ زانایەتییەكەی مامۆستا سەیید نوریشدا.. ڕەنگی دابوویەوە، بۆیە ئەم باوكە خواناسە، وهەروەها بە هیممەتی دایكی بەڕێزی.. كە تۆزێ گەشە دەكات دەینێرنە بەر خوێندنی حوجرە، وئەویش مەردانە دەست دەكات بەم ئەركە پیرۆزە، وهەر لە سەرگەتەوە، تا دەیان گوند وشاری كوردستان، بە مەبەستی دەستخستنی زانست بەسەر دەكاتەوە. مامۆستاكانى لە ماوەی خوێندنیدا: (1). مامۆستا مەلا شێخ ئیسماعیل، (2). مامۆستا مەلا مستەفای هانەی دن. (3). مامۆستا شێخ جەميلى موفتى. (4). مامۆستا شێخ خاليدى موفتى. (5). مامۆستا شێخ نورەدينى موفتى. (6). مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزيز. (7). مامۆستا مەلا حەمەمینی كانى سانان. (8). مامۆستا شێخ محەمەدی خەطیب. (9). مامۆستا مەلا فەرەجی، مزگەوتی حاجی حان لە سلێمانی. (10). مامۆستا مەلا محەمەدی گەورەی خوڕماڵ، وهەر لەسەر دەستی جەنابيشيان.. لە ساڵی (1967 ز) ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت. مامۆستا سەیید نورى، لە تێكڕای خوێندنیدا، حوجرەكانی: (سەرگەت، هەڵەبجە، پریس، كانی سانان، لە ناوچەی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ومزگەوتەكانی شاری سلێمانی، ومزگەوتی گەورەی خوڕماڵ) گەڕاوە، ونۆزدە ساڵی ڕەبەقی لە بەدەستهێنانی زانستدا گوزەراندووە. ئەو مزگەوتانەی تیایاندا، وەك پێشنوێژ، و وانەبێژ، و وتاربێژ..خزمەتی كردووە: 1. مزگەوتی گوندی سەرگەت. 2. مزگەوتی گوندی هانەی قوڵ. 3. مزگەوتی گوندی قاینەیجە – شارەزوور. 4. مزگەوتی گوندی گەچێنە. 5. مزگەوتی (عوسمانى كوڕی عەفان – خوای لێ ڕازی بێ)، لە خوڕماڵ، كە زیاتریش بە (مزگەوتی مامۆستا مەلا سەیید نوری) ناسراوە.. شياوى باسە، دوای ساڵی (1985 ز)، و ڕاگوێزانی گوندی ئەحمەدئاوا، ماڵی ئێمە هاتینە تەنیشتی ئەم مزگەوتە، وبە هۆی دۆستایەتی ومەحەبەتی تایبەتی نێوان مامۆستا سەیید نوری وباوكمەوە، هەركات مامۆستا سەیید نوری.. تەشریفی نەهاتایە، مەڕحومی باوكم: (مامۆستا مەلا ئەحمەدی، ئەحمەدئاوا)، پێشنوێژی، و وتاربێژی جومعەی لەو مزگەوتەدا بەڕێوە دەبرد. (گۆڕی هەردووكیان پڕ نور بێ) 6. مزگەوتی گوندی خێڵی حەمە – تەنیشتی خوڕماڵ. 7 .مزگەوتی گوندی دێكۆن – تەنیشتی خوڕماڵ. 8. مزگەوتی گوندی گوڵەخانە – باشوری ڕۆژئاوای خوڕماڵ. 9. مزگەوتی شێخ فەتحوڵڵا لە شاری سلێمانی. 10. مزگەوتی گوندی قەیەفەری – لە خوارووی خوڕماڵەوە. 11. پێشنوێژی مزگەوتی پاشا، لە شاری هەڵەبجە. مامۆستا مەلا سەیید نوری، جیا لەم خزمەتانەیش.. یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی (پەیمانگەی عەبدولعەزیز، بۆ زانستە شەرعییەكان) لە شاری هەڵەبجە، وهەروەها لەسەر داوای زانای گەورە: (مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز)، ڕاسپێردراوە بۆ دامەزراندنی (پەیمانگەی ئیبن سەڵاحی شارەزووری، بۆ زانستە شەرعییەكان)، لە شاری هەڵەبجە، ودەیان فەقێ ومەلای باش لەو پەیمانگەیە دەرچوون، وئێستا لە مەیدانی خزمەتدان. مامۆستا سەیید نوری، وتێكەڵبوونی بە كاروانی شۆڕشگێڕی: لەدوای تۆخبوونەوەی ستەمی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، لە كوردستان، وهەڵایسانی شۆڕشی چەكداری دژ بەو ڕژێمە، لە سەرەتای هەشتاكانەوە مامۆستا سەیید نوری، خۆی وكوڕەكانی تێكەڵی كاروانی شۆڕشگێڕی دژ بەو ڕژێمە بوون، وبەم هۆیەوە كۆچی كرد بۆ كوردستانی ئێران، ولەوێ چەكی تێكۆشان وبەرەنگاربوونەوەی ستەمكارانی لە شان كرد، دەکڕێتە مورشدی (هێزی سەڵاحەدین) ، لەساڵی 1999 کۆچی بۆ ڕەحمەتی خودای گەورە کرد و لە گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجە بەخاک سپێردرایەوە، خودا لە بەهەشتی بەرین جێگای بکات. ڕەحمەتی خوا لە جەنابی مامۆستای خۆشەویست و دڵسۆزو خەمخۆری گەورەی ئیسلام. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله