لە هەڵە باوەکانی شەراکەت (المضاربة) بەشێوەی کار بەرامبەر پارە لە بازرگانیدا.! ئایا لەکاتی زەرەرکردندا کێ بەرپرسە.. خاوەن سەرمایە.. یان خاوەن کار.؟ لە فیقهی ئیسلامیدا لە گرێبەستی موزارەبە (المضاربة) ڕێسایەکی بڕواپێکراو و کۆدەنگی (إجماع) ی زانایانی لەسەرە: هەر زەرەر و زیانێکی دارایی کە لە سەرمایەکە (ڕەئسولمال) بکەوێت، تەنها و تەنها لە ئەستۆی سەرمایەدارەکەیە (ڕەببولمال)، نەک بەکارخەرەکە (موزاریب/عامل). بەکارخەر (موزاریب) تەنها ماندووبوون و کاتەکەی زەرەر دەکات و هیچ بەرپرسیاریەتییەکی دارایی هەڵناگرێت، مەگەر لە دەستدرێژی (تعدي) یان کەمتەرخەمی (تفريط) یان سەرپێچیکردنی مەرجەکانی گرێبەستەکەدا زەرەرەکە ڕووبدات. ♦️ بەڵگەی زانایان: ئیبن قودامە (ابن قدامة) لە کتێبی (المغني) دەفەرموێ: «وَالْخَسَارَةُ فِي الْمُضَارَبَةِ عَلَى الْمَالِ خَاصَّةً، لَا نَعْلَمُ فِيهِ خِلَافًا بَيْنَ أَهْلِ الْعِلْمِ. وَذَلِكَ أَنَّ الْعَامِلَ أَمِينٌ، فَلا يَضْمَنُ إلا بِتَعَدٍّ أَوْ تَفْرِيطٍ، وَأَنَّ الخُسْرَانَ هُوَ نَقْصُ لرَّأْسِ المَالِ، وَهُوَ مِلْكُ رَبِّ الْمَالِ، فَلا يَكُونُ نَقْصُهُ إلا مِنْ مَالِهِ.» واتە: «زەرەر و زیان لە موزارەبەدا تەنها لەسەر سەرمایەکەیە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان زانایاندا لەسەر ئەم مەسەلەیە نازانین. چونکە بەکارخەر (عامل) دەستپاک (أمِين)ـە، بۆیە بەرپرسیاریەتی هەڵناگرێت مەگەر بە دەستدرێژی یان کەمتەرخەمی، هەروەها زەرەر بریتییە لە کەمبوونەوە لە سەرمایە، سەرمایەش موڵکی سەرمایەدارەکەیە، بۆیە کەمبوونەوەکەشی هەر لە مالەکەی خۆی دەبێت.» ئیمامی نەوەوی (الإمام النووي) لە کتێبی (الروضة) دەفەرموێ: «وَالْخَسَارَةُ مَحْسُوبَةٌ مِنْ رَّأْسِ مَالِ، وَلا شَيْءَ عَلَى الْعَامِلِ، لأَنَّهُ أَمِينٌ، فَإِنْ حَصَلَ رِبْحٌ وَخَسَارَةٌ، جُبِرَتْ الْخَسَارَةُ بِالرِّبْحِ.» «زەرەرەکە لەسەر سەرمایەکە هەژمار دەکرێت و هیچ شتێک لەسەر بەکارخەر نییە، چونکە ئەو ئەمینە، ئەگەر قازانج و زەرەریش ڕوویاندا، ئەوا زەرەرەکە بە قازانجەکە قەرەبوو دەکرێتەوە.» ♦️ حوکمەکانی قازانج و زیان لە گرێبەستی مضاربة دا: زیانی دارایی: بە تەواوی دەکەوێتە ئەستۆی خاوەن سەرمایە (رب المال)، چونکە ئەو خاوەنی پارەکەیە. کارکەریش بەرپرسیار نابێت لە فەوتانی سەرمایەکە مەگەر ئەوەی بسەلمێنرێت کە سەرپێچی یان کەمتەرخەمی کردووە. قەرەبووکردنەوەی زیان بە قازانج: ئەگەر لە کاتێکدا زیانێک ڕوویدا و دواتر قازانجێک بەدەست هات، ئەوا پێش دابەشکردنی هەر قازانجێکی نوێ، سەرەتا قازانجەکە بۆ پڕکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی کەمیی سەرمایەکە بەکاردەهێنرێت. بەتاڵبوونی مەرجی زیان لەسەر کارکەر: لە ڕووی شەرعییەوە دروست نییە مەرج بخرێتە سەر کارکەر کە بەشێک لە زیانی سەرمایەکە بگرێتە ئەستۆ ئەگەر کەمتەرخەمی نەکردبێت، و ئەم مەرجە لە ڕووی شەرعەوە بەتاڵە. واللە اعلم. وەڵامدانەوەی لیژنەی فەتوای پرسیارەکانی ماڵپەڕی دەنگی ئیسلام. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.