مامۆستا مەلا شەفیقی کۆکۆیی بناسە.؟ ناوی تەواوی مامۆستا مەلا شەفیق، کوڕی موحەممەد، کوڕی خەسرەو، کوڕی یار ئەحمەدی کۆکۆیی. لە ساڵی (١٣٣٧ک/١٩١٨ز) لە گوندی (چنار)ی ناوچەی (کۆکۆیی) لە دایکبووە. خوێندن و مامۆستاکانی: مامۆستا هەر لە تەمەنی (٦) شەش ساڵیدا پاش کۆچی دوایی دایکی، باوکی گرنگیەکی زۆری پێدەدات و دەیخاتە بەر خوێندن لە حوجرەی گوندی (عەبابەیلێ) لە خزمەتی (مامۆستا شێخ بابا ڕەسووڵی عەبابەیلێ) دەست پێ دەکات و چەندین شوێن و ناوچە گەڕاوە بەدوای خوێندندا لە نموونەی: (عەبابەیلێ، و بیارە، و سۆڵە، و سلێمانی، و چناری کۆکۆیی، و پریس، و کانی کەوەی شەمێران، و نێرگسەجاڕ،... و چەندین شوێنی تر) بەدوای زانستی شەرعیدا گەڕاوە، تا لە ساڵی (١٣٦٠ک/١٩٤١ز) لە گوندی (نێرگسەجاڕ) لە خزمەتی (مامۆستا شێخ عەبدولوەهابی نێرگسەجاڕی) مۆڵەتی زانستی وەردەگرێت، و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی (چاوگ) دەبێتە مودەڕڕیس، ناوی هەندێک لە مامۆستاکانی: ١- مامۆستا شێخ بابا ڕەسووڵی عەبابەیلێ، لە گوندی (عەبابەیلێ). ٢- مامۆستا مەلا موحەممەدی دارولئیحسان، لە گوندی (چناری کۆکۆیی). ٣- مامۆستا شێخ عومەر شێخ ئەحمەد شەمێرانی، لە گوندی (کانی کەوەی شەمێران). ٤- مامۆستا شێخ عەبدولوەهابی نێرگسەجاڕی، لە گوندی (نێرگسەجاڕ). فەقێ و قوتابییەکانی: مامۆستا زۆر فەقێی بەهرەمەندی هەبووە کە لە خزمەتیدا خوێندوویانە و پێگەیشتوون یان مۆڵەتیان لێ وەرگرتووە، لە نموونەی: ١- گوندی (چاوگ)ی ناوچەی (کۆکۆیی). (١.مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مۆردینی، ٢.مامۆستا مەلا موحەممەد ئەمینی سەراو، ٣.مامۆستا مەلا موحەممەد ئەمینی ئەوێهەنگی، ٤.مامۆستا مەلا عەبدولمەجیدی دەوڵەتاوا،...). ٢- گوندی (چنار)ی ناوچەی (کۆکۆیی). (١.مامۆستا شێخ موحەممەدی شەمێرانی، ٢. مامۆستا شێخ نورەددینی موفتی، ٣.مامۆستا مەلا یووسوفی گڵێجاڵی (ئەو کاتە مامۆستا شەفیق موستەعید بووە)، ٤.مامۆستا سەیید عەلی تاوگۆزی، ٥.مامۆستا مەلا صاڵەحی زەردۆیی، ٦.مامۆستا شێخ نەجمەددینی موفتی، ٧.مامۆستا مەلا یووسوفی تێنی، ٨.مامۆستا مەلا عەبدولقادری دەربەندیخان). کۆچی دوایی: مامۆستا لە مانگی (ڕەمەزانی پیرۆز) ڕۆژی (هەینی) بەرواری (١٤٢٨/٩/٢ک--٢٠٠٧/٩/١٤ز) دا کۆچی دوایی کردووە، لە گوندی (گوڵانی سەروو) لە (هەڵەبجەی شەهید) بەخاک سپێدراوە. سەرچاوەکان: ١- کاروانی نور، ڕزگار سەلیم حەیدەر، پێداچوونەوەی: جەمال موحەممەد کەریم مەحموود - عەبدولڕەحمان موحەممەد نەسروڵڵا - عەزیز غەفور عەزیز پاڵانیانی، چاپی یەکەم، هەولێر--ژیان، ساڵی ٢٠١٤ز. ٢- گۆڤاری خاڵ، ناونیشانی بابەت (لە بامۆکەوە بۆ بینینی عەبدولکەریم قاسم، بیرەوەرییەکانی ژیانی فەقێیەتی مەلا عەبدللەتیفی بامۆکی)، عادل صدیق عەلی، چاپی یەکەم، ژمارە ٣٩، زستانی ساڵی ٢٠٢٣ز. ٣- گڵێجاڵ لە بەڵگەنامە و بیرەوەرییەکاندا، کۆمەڵێک توێژەر، داڕشتنەوەی: یاسین تەها موحەممەد، سەرپەرشتی پڕۆژە: تۆفیق کەریم، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٢١ز. ٤- مامۆستا مەلا موحەممەدی گەورە زانا و دانایەکی گەورەو ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لە ئاسمانی کوردستاندا، بەشی دووەم، کۆچەر میرزا ئەنوەر، ڕۆژی شەممە، بەرواری ٢٠١٧/٤/٢٩ز. ٥- مامۆستا شێخ نورەددینی موفتی ژیان و کۆششە زانستیەکانی، مظهر شێخ نورەددین موفتی، چاپی یەکەم، ٢٠١٤ز. ٦- چاوپێکەوتنێک لەگەڵ (مامۆستا شێخ خالید مامۆستا شێخ عومەر شەمێرانی)، هەڵەبجەی تازە، هەینی، مێژووی ٢٠٢٢/٥/٦ز. ٧- چاوپێکەوتنێک لەگەڵ (مامۆستا شێخ لەتیف نێرگسەجاڕی)، پێنج شەممە، مێژووی ٢٠٢٥/٧/١٠ز. ٨- یاداشتەکانی نووسەر. نووسینی: صوبحی ئیسماعیل. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.