مامۆستا شێخ عومەری شەمێرانی بناسە.؟
ناوی تەواوی مامۆستا شێخ عومەر، کوڕی مامۆستا شێخ ئەحمەدی قازی، کوڕی مامۆستا شێخ موحەممەد، کوڕی مامۆستا شێخ عەبدوڵڵای گەورەی شەمێرانی. لە نەوەی زانا و عەللامە و موفەسیری کورد (مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی چۆڕی) کوڕی (مەولانا ئەبووبەکری موصەننیفی چۆڕی)یە. لە ساداتی (سەیید پیرخضری شاهۆ)یە. ناسراوە بە (مامۆستا شێخ عومەری عادل) بۆیە وای پێ وتراوە چونکە بەردەوام خەریکی چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتی ناو خەڵکی بووە. لە ساڵی (١٣٢٦ک/١٩٠٨ز) لە گوندی (ئەحمەد بەگ)ی ناوچەی (شەمێران) لە بنەماڵەیەکی ئاینی و زانستپەروەر لە دایکبووە. خوێندن و مامۆستاکانی و وانەوتنەوەی: مامۆستا هەر بە منداڵی خراوەتە بەر خوێندن، لە خزمەتی چەندین زانای سەردەمی خۆی خوێندوویەتی، چەندین ناوچە گەڕاوە، لە نموونەی: (کانی کەوەی شەمێران) لە خزمەتی باوکیداو، پاشان ڕۆیشتووە بۆ گوندی (فەقێ جنە) تا تەواوی کردووە، هەر لە (فەقێ جنە) مۆڵەتی زانستی وەرگرتووە لەلای (مامۆستا مەلا عەبدولقادری صۆفی) کە ئەو کات مامۆستا تەمەنی کەمتر لە (٢٠) ساڵ بووە. پاشان دەبێتە مودەڕڕیسی حوجرەی گوندی (کانی کەوە)ی ناوچەی (شەمێران). لە ژیانیدا دوو جار ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، لەگەڵ (عەتییەی کچی شێخ عەبدولڕەحمانی شەمێرانی) و (توبای کچی سەیید ئەحمەدی زارێنی تاوگۆزی)، خاوەنی (٤) کوڕ (٢) کچە بەناوەکانی (مامۆستا شێخ مەحموود، و مامۆستا شێخ خالید، و شێخ نورەددین، و شێخ عەینەددین، و فاطیمە، و عەفیفە). مامۆستا یەکێکبووە لەو کەسە نایابانەی کە هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی موسوڵمانان بەخت کردووە، ماڵی هەمیشە وەک دیوەخان وابووە. بەشێکی زۆری کاتی لە هاتووچۆی ئەم لاو ئەولادا بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتی ناو خەڵک و ئاشتکردنەوەی ناکۆکەکان و دۆستی کردن لەنێوانیاندا، سەرەڕای خواپەرستی و جێبەجێکردنی ئەرکە ئاینییەکانی بەرامبەر موسوڵمانان و وەڵامدانەوەی پرسیاری شەرعی لە هەموو لایەکەوە. مامۆستا پەیوەندیەکی زۆر بەهێزی دۆستایەتی و موریدی لەگەڵ (شێخ عەلائەددینی بیارە) و (شێخ عوسمان سیڕاجەددینی بیارە) هەبووە، بەردەوام سەردان و هاتووچۆی دەکردن. مامۆستا پەیوەندیەکی زۆر باشی لەگەڵ چەندین زاناو کەسایەتی سەردەمی خۆی هەبووە، لە نموونەی: (موحەممەد سان ئەحمەد شەمێرانی، و مامۆستا سەیید موحەممەد سەعیدی کوڕەزای شاعیری گەورەی کورد مەولەوی، و مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس، و مامۆستا شێخ عەبدولوەهابی نێرگسەجاڕی، و مامۆستا شێخ جەمیلی موفتی، و مامۆستا حاجی مەلا ئەحمەدی قاضی پێنجوینی، و مامۆستا مەلا موحەممەدی خورماڵ، و مامۆستا شێخ عەلی عەبابەیلێی). فەقێ و قوتابییەکانی: مامۆستا لە نێوان ساڵانی (١٣٤٧ک/١٩٢٨ز--١٣٧٨ک/١٩٥٨ز) مودەڕڕیسی حوجرەی گوندی (کانی کەوە)ی ناوچەی (شەمێران) بووە، وە لە نێوان ساڵانی (١٣٧٨ک/١٩٥٨ز--١٣٨٧ک/١٩٦٧ز) مودەڕڕیسی حوجرەی گوندی (ئەحمەد بەگ)ی ناوچەی (شەمێران) بووە. زۆر فەقێی بەهرەمەندی هەبووە کە لە خزمەتیدا خوێندوویانە و پێگەیشتوون یان مۆڵەتیان لێ وەرگرتووە، لە نموونەی: (١.مامۆستا شێخ موحەممەد شێخ عەبدولڕەحمان شەمێرانی، ٢.مامۆستا مەلا عەبدولمەجیدی دەوڵەتاوا، ٣.مامۆستا مەلا فەتتاحی وەلەدبەگی جوانڕۆیی، ٤.مامۆستا مەلا عەبدولقادری قەسڵانی، ٥.مامۆستا مەلا سەیید حوسێن میراولی، ٦.مامۆستا مەلا شەفیقی کۆکۆیی، ٧.مامۆستا مەلا سەعیدی زمناکۆیی، ٨.مامۆستا مەلا موحەممەدی مەلا ڕەشیدی بامۆکی، ٩.مامۆستا مەلا سەعیدی گڵێجاڵی، ١٠.مامۆستا مەلا موحەممەد ئەمین عەبدولقادری سەراو، ١١.مامۆستا شێخ حوسێن شێخ عەلی شەمێرانی، ١٢.مامۆستا مەلا موحەممەد غەریب موحەممەد عەلی شەمێرانی، ١٣.مامۆستا مەلا مەحموودی زەمەقی، ١٤.مامۆستا شێخ مەحموودی کوڕی، ١٥.مامۆستا شێخ خالیدی کوڕی، ١٦.مامۆستا شێخ ئیبڕاهیم شێخ عەبدوڵڵا شەمێرانی.). کۆچی دوایی: مامۆستا لە ساڵی (١٣٨٧ک/١٩٦٧ز) لە گوندی (ئەحمەد بەگ)ی ناوچەی (شەمێران) کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانی (کڵاو سوور) لە نزیک باو باپیرانی بەخاک سپێدراوە. مامۆستا خاوەنی کەڕامەتێکی زۆر بووە، لە نموونەی ئەو کەڕاماتانەی وەکوو حاجی مەلا ئەحمەدی قاضی پێنجوینی لە کتێبی (باخچەی بۆن خۆشان) لە کەڕامەتی (٤١١) دا دەفەرمووێت: لە جەنابی (مامۆستا مەلا شێخ عومەری شەمێرانی)م بیست بۆی گێڕامەوە ووتی: لە بەغداد لە خزمەت حەزرەتی (شا موحەممەد عوسمان سیڕاجەددین) بووم لە کاتێکدا کە حەزرەتی شێخی مەرحوم (شا عەلائەددین) لە حاڵی حەیاتا بوو، چەند نور و فیوضاتێکم دی وەکو داوی دەزوو وابوو لە ناو زەمیلەیەکدا ووتم ئەمە چییە؟ ووتیان ئەمە ئەنوار و ڕووناکی حەزرەتی رسول️ اللّٰە یە (صلى الله عليه وسلم)، ووتم ئەم ئەنوار و ڕەحمەتە لە کوێوە هات، لەگەڵ ئەوەی ئەم هەموو بێ ئەمری و بێ شەرعییە کە لە بەغداد یە؟ ووتیان بەو ڕێگەدا هاتووە کە حەزرەتی (شا موحەممەد عوسمانی) پێدا هاتووە. سەرچاوەکان: ١- ذکریات ملا سعید الزمناکۆیی في اسطر، المطبوع. ٢- درەختی بنەماڵەیی نەوەکانی سەید مەلا موحەممەدی ناراوی، دیار سەید سلێمان حاجی سەید مەحمود قەڵپی، چاپی یەکەم، چوارچرا--سلێمانی، ٢٠٢١ز. ٣- باخچەی بۆن خۆشان، حاجی مەلا ئەحمەدی قاضی پێنجوینی، چاپی یەکەم، هێڤی--هەولێر، ٢٠١٦ز. ٤- گۆڤاری پەیامی زانایان، ژمارە ٩ بەهاری ساڵی ٢٠٠٦ز، ناونیشان (بۆ یادی زانای کۆچکردو مامۆستا مەلا سەعیدی زمناکۆیی)، د.موحەممەد ڕەئوف سەعید، چاپی یەکەم، رامان--سلێمانی. ٥- ژیان و یادەوەرییەکانی، مامۆستا مەلا موحەممەد غەریب توڵەبی--شەمێرانی، دەستنووس. ٦- چاوپێکەوتنێک لەگەڵ (مامۆستا شێخ خالید مامۆستا شێخ عومەر شەمێرانی)، هەڵەبجەی تازە، هەینی، مێژووی ٢٠٢٢/٥/٦ز. ٧- یاداشتەکانی نووسەر. نووسینی: صوبحی ئیسماعیل. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.