سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  م.مەلا عەبدولقادری ڕەواندوزی بناسە.؟
یادێک لەو زانایەی چرای زانستی لە هەڵەبجەوە تا هەولێر داگیرساند، مامۆستا مەلا عەبدولقادری ڕەواندوزی، زانایەک لە نێوان سادەیی ڕەوشت و بەرزیی زانستدا.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 4008

یادێک لەو زانایەی چرای زانستی لە هەڵەبجەوە تا هەولێر داگیرساند

مامۆستا مەلا عەبدولقادری ڕەواندوزی، زانایەک لە نێوان سادەیی ڕەوشت و بەرزیی زانستدا.

پێشەکی: مامۆستا یەکێکبووە لە زانا دیار و نایابەکانی کوردستان، کە تەواوی تەمەن و ژیانی خۆی بۆ خزمەتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و پێگەیاندنی نەوەیەکی زانستخواز تەرخان کرد، کەسایەتییەکی خاوەن شەرم و حەیا و خۆشەویست بوو لەناو خەڵک و مامۆستا و فەقێ و قوتابییەکانیدا.
وەکوو ڕێزگرتنێک لە پێگەی زانایانی ئیسلام، مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس دەفەرمووێت:

  گەلێ پێویستە بـۆ ئینسـان لـە ژینـا
  بە هیمەت بێ لـە دنیـایـا و لـە دینـا
  نـەهێڵێ ون ببێ  نــاوی ئــەوانــەی
  کە پێشەنگ بـوون لە ڕێبازی یەقینا
  ئەوەی نـاوی ئەوانی وا لەسـەر دەم
  ئەژی و ئەمرێ لەگەڵ (روح الأمین)

تایبەتمەندییە زانستی و کەسییەکانی:
مامۆستا تەنها مودەڕڕیسێک نەبوو، بەڵکو نموونەی باڵای ڕەوشت و زانست بوو، کە ئەم خاڵانەی خوارەوە گرنگترین سیماکانی بوون:
١- خزمەتی بەردەوام: لە بەیانییەوە تا ئێوارە خەریکی وانەوتنەوەوە (تەدریس) بوو.
٢- پێگەیاندنی فەقێ و قوتابییەکانی: ئاواتی گەورەی ئەوە بوو قوتابییەکانی ببنە زانای بەتوانا بۆ ئەوەی خزمەتی نەتەوەو ئاینەکەیان بکەن.
٣- شێوازی وانەوتنەوەی: لە کاتی وانەوتنەوەدا بە گێڕانەوەی نوکتە و ڕووداو و بەسەرهاتی خۆش، کەشێکی لە ئارامی بۆ فەقێ و قوتابییەکانی دەڕەخساند.
٤- شارەزایی زانستی: ئاستێکی باڵای هەبووە لە سەرجەمی زانستەکاندا بەتایبەتی (نەحو، و صەرف، و مەنطیق، و بەلاغە) و زۆربەی کتێبەکانی لەبەر بوون، هەموو کتێبەکانی خەت خۆش کردبوو.
٥- شوێنکەوتەیی سوننەت: هەمیشە هەوڵی زیندووکردنەوەی سوننەتەکانی پێغەمبەری خودای ﷺ دەدا.

قۆناغی خوێندن و مامۆستاکانی:
مامۆستا هەر لە تەمەنی منداڵییەوە چووەتە بەر خوێندن، چەندین شوێن و ناوچە گەڕاوە بەدوای خوێندندا لە نموونەی: (ڕەواندوز، و هەڵەبجەی شەهید، و خورماڵ، و سلێمانی، و شەقڵاوە، و گەرمیان، و خانەقین، و کەرکوک،... و چەندین شوێنی تر)، بەدوای زانستی شەرعیدا گەڕاوە، هەتا لە مزگەوتی (کانی عاشقان) لە خزمەتی زانای پایەبەرز و مەزن شافیعی سەردەم (مامۆستا مەلا صاڵەحی گەورەی هەڵەبجە) مۆڵەتی زانستی وەردەگرێت، ناوی هەندێک لە مامۆستاکانی:

١- مامۆستا مەلا موحەممەدی خورماڵ، (مزگەوتی گەورەی خورماڵ).
٢- مامۆستا مەلا موحەممەدی دارولئیحسان، (مزگەوتی دارولئیحسان، هەڵەبجەی شەهید).
٣- مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز پریسی، (مزگەوتی پاشا و شافیعی، هەڵەبجەی شەهید).
٤- مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چڕوستانی، (مزگەوتی خانەقا، سلێمانی).
٥- مامۆستا مەلا خالیدی ڕەباتی، (مزگەوتی تازەدێ، گەرمیان).
٦- مامۆستا مەلا ئەحمەدی عەلی پەکان (پیرۆز)، لە گوندی (عەلی پەکان، خانەقین)، ساڵی (١٩٦٠ز).
٧- مامۆستا مەلا عەبدولمەجیدی قوتب، (کەرکوک).
٨- مامۆستا مەلا صاڵەحی گەورە، (مزگەوتی کانی عاشقان، هەڵەبجەی شەهید).
٩- چەندین زانا و مامۆستای تر.

قۆناغی وانەوتنەوە، فەقێ و قوتابییەکانی:
مامۆستا لە کاتی قۆناغی موستەعیدی و مودەڕڕیسیدا لەم شوێننانە تەدریسی کردووە، فەقێ و قوتابی پێگەیاندووە، لە نموونەی مزگەوتەکانی (کانی عاشقان ٤ تا ٥ ساڵ، و بامۆک، و دارولئیحسان، و خورماڵ، و خانەقا لە سلێمانی، و شەقڵاوە، و تازەدێ لە گەرمیان، و نائیب بوغذی لە کەرکوک، و هەولێر،... و چەندین شوێنی تر).
مامۆستا زۆر فەقێی بەهرەمەندی هەبووە کە لە خزمەتیدا خوێندوویانە و پێگەیشتوون، لە نموونەی:

١- مامۆستا شێخ ئیبڕاهیم شێخ عەبدوڵڵا شەمێرانی.
٢- مامۆستا شێخ خالید شێخ عومەر شەمێرانی.
٣- مامۆستا شێخ ئیسماعیل شێخ عەلی شەمێرانی.
٤- مامۆستا مەلا کەریم عەبدولڕەحمان زەلکەیی.
٥- مامۆستا مەلا عەلی قەڵادزێی.
٦- مامۆستا مەلا عوسمانی هەولێری.
٧- مامۆستا عەبدولقادری خەرپانی.
٨- کاتێک مامۆستا لە (هەڵەبجەی شەهید)ەوە دەچێت بۆ (شەقڵاوە) ئەو کاتە (١٢) دوانزە فەقێی لەگەڵدا بووە.

کۆچی دوایی:
مامۆستا لە دوای ساڵانی (١٩٨٠ز) شاری (هەڵەبجەی شەهید) بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە شاری (هەولێر)، دوای چەند ساڵێک هەر لەوێ کۆچی دوایی کردووە.
لە کۆتایدا خودای گەورە لە مامۆستای ئازیزو خۆشەویست خۆش ببێت، گۆڕی پڕ نوور بێت، جێگای فیردەوسی بەرین بێت، لەگەڵ پێغەمبەری خودا ﷺ حەشر بکرێت، اللَّهُمَّ آمِیْنَ.

سەرچاوە: یاداشتەکانی نووسەر.

نووسینی: صوبحی ئیسماعیل.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 

  ژمارەی بینین 103
  • کۆ لیستی وتارەکان || فۆڵدەری وتاری بانگخوازان

    • زۆرترین بینراو
    • نوێترین بابەت
    Top
    Facebook YouTube Twitter Instagram