حوکمی کڕینی کارتۆنی داخراو کە نەزاندرێ چی تێدایە؟ لەم ڕۆژانە برایەکی بەڕێز پرسیاری ئەوەی لێ کردین کە جۆرە مامەڵەیەک هەیە لە بازاڕدا بەم شێوەیە، کارتۆنێکی داخراو کە نازاندرێ ناوەوەی چی تێدایە ئەفرۆشرێت و بەختی خۆی پێ تاقی دەکاتەوە، جا نازانرێت چیت بۆ دەرئەچێت لەو کارتۆنە، ئایە ئەم کڕین و فرۆشتنە لە ڕوی شەرعیەوە حەڵاڵە یان حەرامە؟ سەرەتا ئەبێ ئەوە بزانین یەکێک لە مەرجەکانی دروستی کڕین و فرۆشتنی هەموو کاڵایەک وەک ئیمامی(النووي) لە کتێبی( المنهاج) دا باسی دەکات، زانینی جۆر و شێوەو ئەندازەو چەندێتی و چۆنێتی شتەکەیە لای کڕیارو فرۆشیار، ناشبێ کاڵاکە لایەنێک زانیاری تەواوی لەسەر هەبێت و لایەنێکی تری مامەڵەکە هیچ زانیاری لەسەری نەبێ، پێغەمبەری ئازیزمان صلّى اللّه عليه وسلم وەک ئیمامی ئەبوهورەیرە بۆمان ئەگێڕێتەوە ئەفەرموێ" أن رسول الله نهى عن بيع الغرر" رواه مسلم. واتە: پێغەمبەر قەدەغەی کردوە کڕین و فرۆشتنی شتێک کە فریودانی تێدا بێت. جا کاتێک کە کارتۆنێ لەو جۆرە ئەکڕی نازانی چی تێدایەو بای چەندی تێدایەو گەر لە پارەکەی خۆت زیاتر بێت پێت خۆشە، بەڵام گەر لەو پارە کەمتری تێدا بێت هەست ئەکەی فریو دراویت، چۆنکە تۆ لەسەرەتاوە نازانی چی دەکڕی. هەر بۆیە لە زانایانی سەردەم پرسیار لە شێخ (ابن باز) کراوە ئەم جۆرە مامەڵەی بە نادروست لە قەڵەم داوە، هەروەها لیژنەی هەمیشەی فەتوای سعودیەش هەمان فەتوایان داوە. پوختەی قسە: دروست نیە مامەڵە کردن بەم جۆرە کاڵایانەوە چونکە مەرجێکی سەرەکەی کڕین و فرۆشتنی تێدایە نیە کە زانینی جۆری شتەکەیە و بۆت نیە پرسیاری دەربارە بکەیت، چونکە وەک تاقی کردنەوەی بەخت دانراوەو لەو ڕێگەوە خەڵکی پێ فریو ئەدەن. وەڵامدانەوەی: مامۆستا مەلا شاخەوان سیامەنسوری پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.