تەفسیری سەمەرقەندی (بحر العلوم) بناسە.؟ یەکێکە لە سەرچاوە دێرین و گرنگەکانی تەفسیر، بە پێچەوانەی زۆربەی تەفسیرەکان، زمانەکەی زۆر ئاسان و ڕەوانە و دوورە لە ئاڵۆزیی فەلسەفی و بەلاغی، بۆیە بۆ هەموو ئاستێک گونجاوە. تێیدا نووسەر بە وردی تیشک دەخاتە سەر مانا قووڵەکانی قورئان و وەڵامی گومانەکان دەداتەوە. 🔸 ناساندنی نووسەر ناوی تەواو: (نصر بن محمد بن أحمد بن إبراهيم السمرقندي)، کونیەکەی (أبو الليث)ـە و نازناوی (إمام الهُدى)یە. بەرهەمەکانی: جگە لە تەفسیرەکەی، خاوەنی کتێبی (النوازل في الفقه، خزانة الفقه، تنبيه الغافلين، بستان العارفين)ـە. وەفات: لەدوای ساڵی ٣٧٦ی کۆچی وەفاتی کردووە؛ چونکە حاجی خەلیفە دەڵێت سەمەرقەندی کتێبی (النوازل)ـی لە ساڵی ٣٧٦ تەواو کردووە، کەواتە بە دڵنیاییەوە دوای ئەو ساڵە وەفاتی کردووە. 🔸 لێکۆڵینەوە لە ناوی کتێبەکە هەرچەندە کتێبەکە بە (بحر العلوم) ناسراوە، بەڵام ئەم ناوە لە دەستنووسە دێرینەکاندا جێگیر نەبووە و تەنها بە (تفسير القرآن) یان (تفسير السمرقندي) ناوزەد کراوە. لێکۆڵەران پێیان وایە ناوی 'بحر العلوم' داهێنراوی ناسخەکانە، یان دەرەنجامی تێکەڵبوونی ئەم کتێبە بووە لەگەڵ تەفسیرێکی دیکەدا. 🔸 مەنهەج و شێوازی تەفسیرکردن سەمەرقەندی سەرەتای کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ دانانی بنەمایەکی زانستی؛ تێیدا وێڕای هاندانی خەڵک بۆ فێربوونی تەفسیر، مەرجێکی توندی داناوە کە بریتییە لە شارەزایی تەواو لە زمانی عەرەبی و هۆکارەکانی دابەزین، بەبێ ئەمانە تەفسیرکردنی قورئانی بە "ڕای خۆ" حەرام کردووە. 🔸 ناوەڕۆکەکەی – ڕێچکەیەکی مامناوەندی گرتووەتە بەر کە تێکەڵەیەکە لە نێوان نەقڵ و عەقڵ؛ لە پلەی یەکەمدا تەفسیرەکەی (بالمأثور)ـە و پشت بە باشترین ڕێگە دەبەستێت کە تەفسیری قورئان بە قورئانە، دواتر فەرموودە و وتەی پێشینان، لەگەڵ ئەوەشدا بوارێکی فراوانی بۆ (التفسير بالرأي) و ئیجتیهاد هێشتووەتەوە. سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ گێڕانەوەکان (الروايات): • زۆربەی جار زنجیرەی گێڕانەوەکان (إسناد) لادەبات بۆ کورتکردنەوە. • گێڕانەوەی لە کەسانی (لاواز/ضعیف) تێدایە، بەتایبەت لە (الكلبي و السدّي) دەگێڕێتەوە. • چیرۆکی ئیسرائیلی تێدایە. • هەندێک جار دەڵێت "وتراوە.." بەبێ ناوهێنان. • زۆر بە دەگمەن خۆی لێدوان لەسەر ڕا و بۆچوونەکان دەدات. 🔸 تایبەتمەندییە وردەکان – ئەو ئایەتانەی وا دەردەکەون دژی یەک بن، ئەو دێت ڕوونیان دەکاتەوە و دژایەتییەکە لادەبات. – پرسیار و گومانەکان دەخاتە ڕوو و وەڵامیان دەداتەوە. – بە پێچەوانەی زۆربەی تەفسیرەکان، زمانەکەی زۆر ئاسان و ڕەوانە و دوورە لە ئاڵۆزیی فەلسەفی و بەلاغی، بۆیە بۆ هەموو ئاستێک گونجاوە. – ئەم تەفسیرە بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی تەفسیری (بغوي) دادەنرێت؛ هەرچەندە بەغەوی بەشێکی زۆری تەفسیرەکەی کورتکراوەی (ثعلبي)ـیە، بەڵام بەراوردکارییەکان دەریدەخەن کە لە داڕشتنی مانا و دەقەکاندا سوودێکی زۆری لە سەمەرقەندی بینیوە. – باسی خوێندنەوە جیاوازەکان دەکات، بەڵام تەنها کاتێک کاریگەرییان لەسەر مانا هەبێت. – لە ئایەتە سیفاتییەکاندا ڕێچکەی سەلەفی گرتووەتە بەر کە "تەسلیمبوون"ـە. 🔸 باشترین چاپ – چاپی (دار الهجرة): بە باشترین چاپ دادەنرێت بۆ توێژینەوە، چونکە لەلایەن د. عومەر غەرامەوە بەراوردی دەستنووسەکان و تەخریجی فەرموودەکانی بۆ کراوە. – چاپی (دار الكتب العلمية): چاپێکی زۆر بەربڵاوە لە بازاڕەکاندا، بەڵام وردبینییەکەی کەمترە و هەندێک هەڵەی تێدایە بە بەراورد بە چاپی یەکەم. – چاپی (دار الفكر): چاپێکی بازرگانییە و لێکۆڵینەوەی زانستیی نوێی بۆ نەکراوە، بۆیە بۆ کاری ئەکادیمی و توێژینەوە پشتی پێ نابەسترێت. نووسینی: مامۆستا سيروان حامد. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.