تەفسیری (تأويلات أهل السنة) بناسە.؟
یەکێکی تر لە تەفسیرە گرنگەکانی کۆتایی سەدەی سێیەم و سەرەتای سەدەی چوارەم (تأويلات أهل السنة)ی «ماتوریدی»یە. 🔸 ناساندنی نووسەر ناوی ئەبو مەنصور موحەممەدی کوڕی موحەممەدی کوڕی مەحمودی ماتوریدی سەمەرقەندیە. چەند نازناوێکی هەبووە لەوانە: إمام الهدى والدين، إمام المتكلمين، رئيس أهل السنة، الإمام الزاهد. ماتورید گەڕەکێک یان ناوچەیەکە لە شاری سەمەرقەند، سەمەرقەندیش شارێکە لە وڵاتی ئۆزبەکستان و لەو سەردەمەدا مەڵبەندی زانست و بەیەکگەیشتنی شارستانییەتەکان بووە. ئەبو مەنصوری ماتوریدی لە نیوەی یەکەمی سەدەی سێیەمی کۆچیدا لەدایک بووە، نزیکەی ساڵی ٢٣٨ی کۆچی. لە ساڵی ٣٣٣ی کۆچیشدا لە شاری سەمەرقەند وەفاتی کردووە، تەمەنی نزیکەی ٩٥ ساڵ بووە. ئەبوو مەنصور یەکێک بووە لە شوێنکەوتووانی مەزهەبی ئەبو حەنیفە، کەسایەتییەکی ناسراو بووە بە زیرەکی و لێهاتوویی و، شارەزایی تەواوی هەبووە لە زانستە جۆراوجۆرەکاندا. نووسراوی زۆری هەیە لەسەر عەقیدە و وەڵامدانەوەی موعتەزیلەکان. هەروەها ئاگاداری فەلسەفەی یۆنانی بووە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە باسی کۆمەڵە فەلسەفییەکانی کردووە و وەڵامی بۆچوونەکانیانی داوەتەوە. ئەو کەسەی سەیری تەفسیرەکەی دەکات، سەرسام دەبێت بە زۆریی ئەو سوود و هەڵێنجانانەى (استنباط) کە دەری هێناون، لە تەفسیرەکەیدا کۆمەڵێک سوودی بەنرخ هەن کە خوێنەر بەزەحمەت لە کتێبی تەفسیرەکانی تردا دەستی دەکەوێت. بەڵام بەهۆی ئەوەی چووەتە نێو قوڵایی زانستی کەلام و کاریگەریی فەلسەفەی لەسەر بووە، تووشی چەندین هەڵە و خلیسکان بووە لە تەفسیرەکەیدا. ماتوریدی لە گۆڕستانی (چاکەردیزە) لە سەمەرقەند نێژراوە. هەرچەندە لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا بەهۆی دژایەتی ئایینەوە گۆڕەکەی خاپوور کرا و ون بوو، بەڵام ساڵی ٢٠٠٠ شوێنەکەی دیاری کرایەوە و ئێستا مەزارگەیەکی لەسەر دروست کراوەتەوە. 🔸 پێگە و تایبەتمەندییە زانستییەکانی کتێبەکە ئەم تەفسیرە بەرهەمێکی گشتگیر و دەگمەنە کە هەموو سووڕەتەکانی قورئانی پیرۆز دەگرێتەوە. زانایان بە شێوەیەک وەسفیان کردووە کە هاوتای نییە. ئەبو مەنصوری ماتوریدی تێیدا توانیویەتی هاوسەنگییەکی تەواو ڕابگرێت لە نێوان فەرموودە و گێڕانەوەکان لە لایەک و، بەکارهێنانی ژیری و عەقڵیش لە لایەکی ترەوە. ڕێگای نووسینەکەی زۆر ڕوون و ئاسانە، بە جۆرێک خوێنەری ئاسایی بەبێ زەحمەت لە واتاکانی تێدەگات؛ کاتێک دەیخوێنیتەوە هەست ناکەیت ئەم دەقە مێژووەکەی بۆ سەدەی چوارەمی کۆچی دەگەڕێتەوە، بەڵکوو وەک نووسراوێکی نوێ دەردەکەوێت. ئەم تەفسیرە بووەتە سەرچاوەیەکی زۆر گرنگ بۆ گەورە ڕاڤەکارانی دوای خۆی، وەک قورطوبی و ئەبو حەیان و سیوطی و ئالوسی، تا ئێستاش ناوی ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ لە ناوەندەکانی فێربوون و توێژینەوەدا بە زیندوویی ماوەتەوە. 🔸 خاڵە جەوهەری و تایبەتمەندییەکانی – ڕای بەهێزی توێژەران ئەوەیە کە ئەبو مەنصوری ماتوریدی بە دەستی خۆی ئەم کتێبە گەورەیەی نەنووسیوە، بەڵکو ئەمە وانە و دانیشتنەکانی بووە و، قوتابییەکانی یاداشتیان کردووە و کۆیان کردووەتەوە (لە زانستی شەرعیدا بەم شێوازە دەوترێت "الأمالي"). – زۆربەمان ئاشنای تەفسیری (النسفي - مدارك التنزيل)ـین کە لە حوجرەکان دەخوێنرێت؛ دەبێت بزانین کە تەفسیری نەسەفی لە ڕاستیدا پوختەکراوی ئەم تەفسیرەی ماتوریدییە و بە دایکی تەفسیری نەسەفی دادەنرێت. – ناوی کتێبەکەی نەناوە "تفسیر"، بەڵکو ناوی ناوە "تأویلات"، بەهۆی وردبینی و ئەمانەتی زانستییەوە: • تەفسیر: واتە یەکلاکردنەوەی دەقەکە بە مانایەکی دیاریکراو. • تەئویل: واتە گەڕاندنەوەی ئایەتەکە بۆ چەند مانایەکی شیاو کە لەگەڵ عەقڵ و زمانەوانیدا بگونجێت. – جوانترین تایبەتمەندیی ئەم تەفسیرە ئەوەیە تەنها حوکمە شەرعییەکە بەیان ناکات، بەڵکوو حیكمەت و هۆکاری حوکمەکەش ڕوون دەکاتەوە. – ماتوریدی زۆر توندە لە ڕەتکردنەوەی چیرۆکە ئیسرائیلی و ئەفسانەییەکان (وەک چیرۆکی ناڕاستی داود و ژنی ئۆریا). – لای ماتوریدی عەقڵ و نەقڵ (دەق) دژی یەک نین، بەڵکوو عەقڵ چرایەکە بۆ تێگەیشتن لە دەقەکان. 🔸 تێبینی و ڕەخنە عەقیدەییەکان لەسەر تەفسیرەکە خوێنەری ئەم تەفسیرە لە کاتی لێکدانەوەی ئایەتەکاندا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بنەمای عەقیدەیی دەبێتەوە کە نووسەر لە کتێبەکەیدا جێگیری کردوون و پێچەوانەی مەنهەجی سەلەف و فەرموودەناسانن، دیارترین ئەو ڕەخنانە بریتین لە: – لە تەفسیرەکەدا ئوسووڵی دین کراوە بە دوو بەش: • بەشی عەقڵ (عقليات): ئەو بابەتانەن -وەک سیفەتەکانی خودا- کە دەڵێن دەبێت "عەقڵ" بڕیاریان لەسەر بدات. ئەگەر ئایەتێک هات پێچەوانەی یاسای عەقڵ بوو، ئەوا ئایەتەکە تەئویل دەکەن. • بەشی بیستن (سمعيات): ئەو بابەتانەن -وەک سزای گۆڕ- کە عەقڵ پێیان ناگات، بۆیە تەنها لێرەدا تەسلیمی دەقەکە دەبن.
ڕای سەلەف: دین یەک پارچەیە و لە هەموویدا -چ عەقیدە و چ غەیبیات- دەبێت قورئان و سوننەت حاکم بن، نەک عەقڵ بکرێتە دادوەر بەسەر فەرموودەی خوداوە. – لە لێکدانەوەی ئایەتەکاندا، ماتوریدی جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکەم ئەرک بریتییە لە ناسینی خودا بە عەقڵ (النظر)، تەنانەت پێش هاتنی پێغەمبەریش مرۆڤ هەر سزا دەدرێت ئەگەر خودا نەناسێت. ڕای سەلەف: یەکەم ئەرک تەوحیدە و، هیچ سزایەک نییە تا پێغەمبەرێک نەیەت: (وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّى نَبْعَثَ رَسُولًا) [الإسراء: 15]. – لە تەفسیرەکەدا تەنها (٨) سیفەت بۆ خودا جێگیر دەکرێت: (ژیان، توانایی، زانست، ویست، بیستن، بینین، کەلام، تەکوین). ئەو سیفەتانەی تر کە لە قورئاندا هاتوون (وەک: دەست، ڕوو) هەمووی تەئویل دەکات و پێی وایە ئەمانە ناکەونە ژێر حوکمی عەقڵەوە. ڕای سەلەف: هەموو سیفەتەکان وەک خۆیان جێگیر دەکەن بەبێ لێکچواندن (تشبیهـ) و بەبێ پەکخستن (تعطیل). – لای ماتوریدی کەلامی خودا (کەلامی نەفسی)ـیە، واتە تەنها لە زاتی خۆیدایە و دەنگ نییە، پێی وایە ئەم قورئانەی بەردەستمان تەنها "گوزارشت و عیبارەتە" لەو کەلامە، نەک خودی کەلامەکە. ڕای سەلەف: قورئان کەلامی خودایە (بە پیت و دەنگ) و دروستکراو نییە، ئەم قسەیەی ماتوریدی نزیکە لە وتەی موعتەزیلە. – لە لێکدانەوەی ئایەتەکانی ئیماندا، ماتوریدی دەڵێت ئیمان تەنها "پەسەندکردنی دڵە - التصدیق" (هەندێکیان وتنی بە زمانیشیان بۆ زیاد کردووە). بە ڕای ئەو ئیمان زیاد و کەم ناکات و ئیسلام و ئیمان یەکێکن. ڕای سەلەف: ئیمان بریتییە لە (باوەڕی دڵ، وتنی زمان، کردەوەی ئەندامەکان)، زیاد و کەم دەکات بە گوێڕایەڵی و تاوان. – دەڵێت: هەرچەندە باوەڕداران لە قیامەتدا خودا دەبینن، بەڵام دەڵێت بینینەکە "بەبێ ئاڕاستە و بەبێ بەرامبەر وەستان"ـە. ڕای سەلەف: ئەمە دژ بەیەکە، چۆن دەبینرێت ئەگەر لە هیچ ئاڕاستەیەک نەبێت؟ 🔸 باشترین چاپ ١. چاپخانەی (دار المیزان) لە تورکیا، بەسەرپەرشتی د. بكر طوبال أوغلي، پێک هاتووە لە (١٨) بەرگ. چەند چاپێکی تریشی، هەن لەوانە: ٢. چاپی (دار الکتب العلمیة)، تحقيق: د.مجدي باسلوم، ساڵی ٢٠٠٥، پێک هاتووە لە (١٠) بەرگ. ٣. چاپی (مؤسسة الرسالة ناشرون) تحقيق: فاطمة يوسف الخيمي، ساڵی ٢٠٠٣، پێک هاتووە لە (٥) بەرگ. 🔸 تێبینی ئێمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کتێبە و هاوشێوەکانی، پەیڕەوی لەو بنەمایە دەکەین کە دەڵێت: "گوڵەکە دەچنین و دڕکەکە بەجێ دەهێڵین." مەبەستمان لە ناساندنی ئەم تەفسیرە؛ تەنها دەوڵەمەندکردنی لایەنی تەدەبورە لە قوڕئانی پیرۆز و سوودوەرگرتنە لەو بەڵگە عەقڵی و حیکمەتانەی کە تیایدا هاتووە. بەڵام سەبارەت بە بنەماکانی بیروباوەڕ، ئێمە جەخت دەکەینەوە کە پەیڕەوی (ڕێچکەی سەلەفی صالح) دەکەین، چونکە بڕوامان وایە ئەو ڕێگەیە سەلامەتترین و زانستیترین ڕێگەیە بۆ ناسینی خودا و دینداری، و هەر شتێک پێچەوانەی ڕێگەی ئەوان بێت، ئێمە لێی بەرین. نووسینی: مامۆستا سيروان حامد. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.