تەفسیری ئیبن ئەبی حاتەمی ڕازی بناسە.!
یەکەم: ناساندنی نووسەر: * ناوی تەواوى: أبو محمد بن عبدالرحمن بن أبي حاتم الرازي، (٢٤٠ک - ٣٢٧ک)، لەشاری (الري) لەدایکبووە. * نازناوی (الرازي) نیسبەتە بۆ شاری (الري) کە شارێکی دێرینەو لەئێستادا بەشێکە لە تارانی پایتەختی ئێران، بەکورتی: ڕازی واتە: خەڵکی شاری ڕەی. * پسپۆڕیى: ئیبن ئەبی حاتەم تەنها موفەسیر نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لە گەورەترین پێشەوایانی زانستی فەرموودەناسی و جەرح و تەعدیل. هەربۆیە ئەم پسپۆڕییەی لە فەرموودەناسیدا ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر تەفسیرەکەی هەبووە. * بناغەی سەرەکی زانستی ئیبن ئەبی حاتەم لەلایەن دوو گەورە ئیمامی شاری (ري)ەوە دانراوه: - باوکی خۆی: ئەبو حاتەمی ڕازی، کە گرنگترین و یەکەمین مامۆستای بووەو زۆرترین زانستی لێ وەرگرتووەو کتێبی "الجرح والتعديل"ی ئیبن ئەبی حاتەم، بەشێکی زۆری وتەی باوکیەتی. - ئەبو زوڕعەی ڕازی ئەویش هاوشانی ئەبو حاتەم، بە کۆڵەکەیەکی زانستی فەرموودە دادەنرا لە شارى "رَي". دووەم: ناساندنی تەفسیرەکە: ١. ناوی تەواو: "تفسير القرآن العظيم مسنداً عن الرسول ﷺ والصحابة والتابعين". ٢. شێوازی تەفسیرەکەی: تەفسیرەکەی ئیبن ئەبی حاتەم بە یەکێک لە گرنگترین دانراوەکانی (التفسير بالمأثور - لێکدانەوە بە ریوایەت) دادەنرێت. واتە: ئیبن ئەبی حاتەم هەر وتەیەک یان فەرموودەیەک دەهێنێتەوە بۆ لێکدانەوەی ئایەتێک، بە ڕشتە (سند)ی تایبەت بەخۆی دەیگێڕێتەوە، لە خۆیەوە تا دەگاتەوە تابیعییەک یان بە هاوەڵێک یان پێغەمبەری خودا (ﷺ). سێیەم. سەرچاوەکانی لێکدانەوە: * قورئان بە قورئان: ئەگەر ئایەتێک ئایەتێکی تر ڕوون بکاتەوە، دەیھێنێت. * قورئان بە سوننەت: فەرموودە "مەرفوعەکان" (کە دەگەڕێنەوە بۆ پێغەمبەر (ﷺ). * قورئان بە وتەی هاوەڵان (الصحابة): زۆرترین بەشی تەفسیرەکەی پێکدێنێت، بەتایبەت ریوایەتەکانی ئیبن عەباس، ئیبن مەسعود، و عەبدوڵڵای کوڕی عومەر. * قورئان بە وتەی شوێنکەوتووان (التابعين): وەک موجاهید، سەعیدی کوڕی جوبەیر، قەتادە، و حەسەنی بەسری. * پوختترین سەنەد: * لەبەر ئەوەی خۆی پێشەوا بووە لەفەرموودەناسیی و جەرح و تەعدیل، هەوڵیداوە پوختترین و بەرزترین ڕشتە (أعلى إسناد) کە لەبەردەستیدا بووە بۆ ڕیوایەتەکان بهێنێت. ئەمەیش بەهایەکی زانستیی زۆر گەورەی بە کتێبەکە بەخشیوە. *. مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیلیات: * وەک زۆربەی تەفسیرە کۆنەکانی مەئثور، ڕیوایەتی ئیسرائیلیاتی تێدایە. بەڵام ئیبن ئەبی حاتەم بە هێنانی سەنەدەکەی، بەرپرسیارێتییەکەی خستووەتە ئەستۆی گێڕەوەکان، نەک خۆی. چوارەم: پلەوپایە و گرنگیی ئەم تەفسیرە: ١. تەفسیری ئیبن ئەبی حاتەم هاوشان لەگەڵ تەفسیری طەبەریدا بوونەتە دوو سەرچاوەی سەرەکی بۆ زانینی وتەی هاوەڵان و تابيعین لە لێکدانەوەی قوڕئانی پیرۆزداو بە گەورەترین ئینسکلۆپیدیای ریوایاتی سەلەف لە تەفسیردا دادەنرێت. ٢. هەورەها بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ تەفسیرەکانی دواتر وەک: - پێشەوا ئیبن کەثیر: لە تەفسیرە بەناوبانگەکەیدا، زۆرترین پشتی بە ڕیوایەتەکانی ئیبن ئەبی حاتەم بەستووە و زۆر جار دەڵێت "رَوَاهُ ابْنُ أَبِي حَاتِمٍ". - پێشەوا سيوطی: لە کتێبی "الدر المنثور" (کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی تەفسیری مەئثور بەبێ سەنەد)، زۆرترین ڕیوایەتی لە ئیبن ئەبی حاتەمەوە وەرگرتووە، تەنانەت دەڵێت هەموو تەفسیرەکەیم لە تەفسیرەکەی خۆمدا کورت کردووەتەوە! پێنجەم: باشترین چاپی تەفسیرەکە: تەفسیری (ابن أبي حاتم) بە شێوەی دەستنووسی تەواوەتی نەماوەتەوە و زۆرێک لە بەشەکانی ونبووە. ئەو بەشەی کە لە دەستنووسە ڕەسەنەکان (المخطوطات الأصيلة) دۆزراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە، تەنها دوو بەشی قورئان دەگرێتەوە: * بەشی یەکەم: لە سەرەتای تەفسیرەکەوە (واتە سوورەتی الفاتحة) تا کۆتایی سووڕەتی (الرعد). * بەشی دووەم: لە سەرەتای سووڕەتی (المؤمنون) تا کۆتایی سووڕەتی (العنكبوت). تێبینییەکی گرنگ: ئەو بەشانەی تر کە لە هەندێک چاپی وەک چاپی (دار ابن الجوزي)، لە سوورەتی (الروم) تا (الزخرف)، ئەوانە بەشێک نین لە دەستنووسە دۆزراوەکە، بەڵکو لێکۆڵەرەکان (المحققین) لە کتێبە دێرینەکانی ترەوە وەک تەفسیری (ابن كثير) و (الدر المنثور للسيوطي) ئەو ڕیوایەتانەیان کۆکردووەتەوە کە لە (ابن أبي حاتم)ەوە گێڕدراونەتەوە و بۆیان زیاد کردووە. ئەمەی خوارەوەیش پوختەی گرنگترین دوو چاپی بەناوبانگی ئەم تەفسیرەیەو بەراوردکاری نێوانیانە: ١. چاپی دار ابن الجوزي (ساغکردنەوەی کۆمەڵێک توێژەر) ئەم چاپە لە بنەڕەتدا کۆمەڵێک نامەی زانستییە (ماستەر و دکتۆرا)یە لە زانکۆی (أم القرى) کەپێشتر باسمان کرد. * خاڵی بەهێز: وردترین و دروستترین چاپە لە ڕووی ڕێکخستنی دەق و ڕاستکردنەوەی هەڵە و وشەی فەوتاوەوە (سقط). ماندووبوونێکی زانستیی زۆر لە ساغکردنەوە و وردبینی لە ڕیوایەتەکاندا پێوە دیارە، و بە "یەکێک لە دروستترین چاپەکان" دادەنرێت لە ڕووی دەقەوە. * کەموکوڕی: بە بەراورد بەچاپەکەی تر ناکامڵە. ئەو بەشانەی تێدا نییە کە لە دەستنووسەکانی تردا هەن و لە چاپەکانی تردا چاپکراون، دیارترینیان ئەمانەن: * تەفسیری سوورەتی (المؤمنون). * تەفسیری سوورەتی (العنكبوت). * یانزە ئایەتی سەرەتای سوورەتی (الرعد). ٢. چاپی أسعد الطيب (بڵاوکردنەوەی کتێبخانەی نزار مصطفى باز) * خاڵی بەهێز: تەواوترین و گشتگیرترین چاپە لە ڕووی خستنەڕووی هەموو ئەوەی لە دەستنووسەکاندا دۆزراوەتەوە. ئەو سووڕەت و ئایەتانەی تێدایە کە لە چاپی (دار ابن الجوزي)دا نين. * کەموکوڕی: بە بەراورد بە چاپی (ابن الجوزي)، هەڵەی زۆری تێدایە، وەک "تصحيف" (هەڵە لە خوێندنەوەی وشەکان) و "سەقط" (کەوتنی وشە یان دێڕ). پوختەی قسە: هیچ چاپێکی نموونەیی (بێخەوش) بۆ ئەم تەفسیرە بوونی نییە، هەڵبژاردنەکە پشت بە ئەولەویاتەکانی تۆ دەبەستێت: * بۆ وردی و دروستیی دەق: ئەگەر دەتەوێت دەقێک بە کەمترین هەڵەو وردترین ساغکردنەوەوە بەدەست بهێنیت، چاپی (دار ابن الجوزي) باشترینە، بەڵام ناچاردەبیت بگەڕێیتەوە بۆ چاپەکەی تر (أسعد الطيب) بۆ پڕکردنەوەی ئەو بەشانەی کە نوقسانە. * بۆ تەواوی و گشتگیری: ئەگەر دەتەوێت چاپێک بەدەست بهێنیت کە هەموو ئەوەی لە تەفسیرەکە بەردەستە لە یەک شوێندا کۆی کردبێتەوە، چاپی (أسعد الطيب) باشترینە، بەڵام بە ئاگاداری و سەرنجدان لە ئەگەری بوونی هەڵە لە دەقەکەدا. ئامۆژگارییەکی باو لەنێو پسپۆڕاندا: سەلامەتترین ڕێگە کۆکردنەوەیە لەنێوان هەردوو چاپەکەدا. چاپی (دار ابن الجوزي) وەک "بنەما" بەکاربهێنرێت بەهۆی پتەوی ساغکردنەوەکەی، و چاپی (أسعد الطيب) بۆ تەواوکردنی ئەو کەموکوڕییەی لە چاپی (ابن الجوزي)دا هەیە. نووسینی: مامۆستا سيروان حامد. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.