له‌لایه‌ن: هێمن عه‌بدولعه‌زیز گوایه ئیسلام به زه‌بری شمشێر هاتۆته پێش!له سۆنگه‌ی ئه‌وه كه ئیسلام، ئایینێكه خوای باڵا ده‌ست بۆ ئاشتی و ته‌بایی و پێكه‌وه جۆشدانی به‌نده‌كانی هه‌ناردوویه‌تی، وه گێڕاویه‌تی به مایه‌ی چاوو ڕوونی و ڕۆشنكردنه‌وه‌ی دڵه‌كان. بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سێزده دانه ساڵ به‌هیچ جۆرێك ئه‌م ئیسلامه خۆی له قه‌ره‌ی شه‌ڕو شۆڕو شۆڕش و شمشێر نزیك نه ئه‌كرده‌وه. هه‌میشه خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌وه ئاگادار ئه‌كرده‌وه، كه با خه‌ڵكی یه‌كسان بن، با ئازاد بن، با كه‌س، كه‌س نه‌چه‌وسێنێته‌وه، با كه‌س ڕقی له یه‌كتر نه‌بێته‌وه، با به‌رزی و نزمی له كۆمه‌ڵگادا نه‌بێت، با قڕی و پڕی له شارا نه‌بێت، با هێندێ قڕ و هێندێ پڕ نه‌بن..با هێندێكتان لێتان نه‌ڕژێ و هێندێكیشتان له‌به‌رتان نه‌بڕێ.. به هێندێكتان ئاغا‌و هێندێكتان مسكێن نه‌بن.. سێزده دانه ساڵ ئه‌و ئیسلامه پاك‌و بێ گه‌رده له ڕێگه‌ی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره هێژا و نه‌به‌رده، تۆوی ته‌بایی و ئازادی و برایه‌تی و شادی له نێو یارانی ده‌ست پاك و ده‌م پاكیدا ئه‌ڕواند.. ئیسلامیش بۆیه ئیسلامه، چون ساغی و سه‌لامه‌تی و سه‌ر به‌رزی به‌نده‌ی پێوه به‌نده.
به‌ڵام له‌پاش هه‌موو ئه‌مانه، واته دوای پانزه ساڵ له دابه‌زینی وه‌حی ئینجا خوا ئایه‌تی: أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُوا وَإِنَّ اللَّهَ عَلَى نَصْرِهِمْ لَقَدِيرٌ الحج:39/ دابه‌زاند. كه ده‌فه‌رموێ: مۆڵه‌تتان پێ دراوه به‌و (بڕوادارنه‌ی) شه‌ڕیان پێ فرۆشراوه كه بجه‌نگن و به‌رهه‌ڵستی بكه‌ن، چونكه سته‌ملێكراون، بێگومان خوا ده‌سه‌لاتی هه‌یه كه سه‌ریان بخات و سه‌ركه‌وتنیان پێ ببه‌خشێت. به‌ڵام ئه‌م بڕیاڕه‌ی شه‌ڕه‌ش دوای ئه‌م هه‌موو زوڵم و سته‌مه بوو كه له ئه‌هلی ئیسلام ئه‌كرا. واته: هه‌ر بێ باوه‌ڕان بوون ده‌ست پێشخه‌ریان له هه‌موو شه‌ڕێك ده‌گه‌ڵ مسوڵماناندا ده‌كرد. بۆیه خوای گه‌وره فه‌رمووی: وَقَاتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ الَّذِينَ يُقَاتِلُونَكُمْ وَلا تَعْتَدُوا إِنَّ اللَّهَ لا يُحِبُّ الْمُعْتَدِينَ البقرة :190/ واته: بجه‌نگن له پێناو خوادا له دژی ئه‌وانه‌ی كه دژتان ئه‌جه‌نگن، نه‌كه‌ن ده‌ستدرێژی بكه‌ن، چونكه به ڕاستی خوا ده‌ست درێژانی خۆش ناوێت.
كه‌واته تۆمه‌تباركردنی ئیسلام، به‌وه كه گوایه به زه‌بری شمشێر بڵاو بۆته‌وه، بانگه‌شه‌یه‌كی ناهه‌ق و نا به‌جێیه. چون ئیسلام ڕقی له كه‌س نابێته‌وه. وه بۆ هاندانی به‌نده‌كانیش بۆ ئیسلام قه‌ت په‌نا بۆ زه‌برو تۆبزی كردن و هانا بۆ شمشێر نابات. بگره ئیسلامه‌تی له هیچ كه‌س وه‌رناگیرێت ئه‌گه‌ر به زه‌بری شمشێر ئیسلامه‌تی پێ سپێردرابێت. ئه‌و كاته ئیسلامه‌تی كه‌سێك لای خوا وه‌ر ئه‌گیرێت كه ئه‌و كه‌سه به قه‌ناعه‌ت و ویست و داخوازی خۆی ئه‌و ئیسلامه‌ی وه‌ر گرتنبێت. بۆیه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: لا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ قَدْ تَبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ البقره:256/ واته: دینداری به زۆر نابێت بكرێت و دین به زۆر نادرێت به‌سه‌ر كه‌س دا، چونكه ڕێبازی چاك و درووست ئاشكرا بووه‌و (جیا بۆته‌وه) له توله ڕێگای سه‌ر كه‌شی.
بۆیه ئه‌بێ بزانین كه هه‌تا فتوحاته ئیسلامییه‌كانیش كه بوون بۆ ئه‌وه نه‌بوون كه خه‌ڵكی به زۆر بهێنرێنه ناو ئیسلام، وه‌لێ بۆ ئه‌وه بوون كه تاوان و سه‌رپێچیه‌كانی سه‌ر زه‌وی نه‌هێنرێن، كه تاغوتانی بێ باوه‌ڕ له سه‌ره‌نجامی زوڵم زۆریاندا و له ڕێگه‌ی تۆقاندن و ترساندنی خه‌ڵكه‌كه درووستیان كردبوو.
بۆیه ئه‌و سه‌رده‌مه كه فتووحاته‌كان ئه‌بوون، خه‌ڵكی به‌و په‌ڕی سنك فراوانیه‌وه ئه‌هاتنه نێو ئیسلام و باوه‌شیان پێوه ئه‌گرت به بێ ترس و به بێ هیچ دۆڕدۆنگیه‌ك وه‌ریان ئه‌گرت، له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ئیسلام، ئه‌هاتن ئه‌و ئیسلامه‌تیه‌یان له نێو ماڵ و كۆڵان و بازاڕه‌كانیاندا به‌ر قه‌رار ئه‌كرد.
هه‌یشبوو كه ئه‌گه‌ر ئیسلامیشی پێ قه‌بوول نه‌بوایه، ئه‌وا ئیسلام له‌و (دار الإسلام) ی كه درووستی ئه‌كرد، خه‌ڵكه‌كه‌ی پۆڵێن ئه‌كرد، یه‌ك له‌و پۆلێنانه، ناوی ئه‌نا به: (أهل الذمة) ، ئه‌مانه كه‌سانێك بوون، كه ڕازی بوون له نێو (دار الإسلام) دا بژین و له‌سه‌ر ئایینی خۆشیاندا بمێننه‌وه، ئیسلامیش له بریتی ئه‌مه په‌یمانێكی له‌گه‌ڵ گرێ ئه‌دان به نێوی (عقد الذمة) ، به پێی ئه‌و به‌نده ئه‌و كه‌سه له خۆی و له ماڵ و خوێن و منداڵیه‌وه دڵنیا ئه‌بوو.
كه‌واته ئه‌گه‌ر ئیسلام به زه‌بری شمشێر هاتبوایه، كه وه‌ك بێ باوه‌ڕان ئه‌ڵێن، ئه‌وا ئیسلام ئه‌و به‌ڵێنه گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و بێ باوه‌ڕانه نه ئه‌به‌ست.
پاشان تۆبزی كردن له وه‌رگرتنی دیندا، له ڕوانگه‌ی ئاقیده‌وه، هیچ حسێبێكی بۆ ناكرێت و ئیسلامیش چاره‌ی ئه‌م جۆره ڕه‌فتاره‌ی ناوێت، به‌ڵام وه‌ك گوتمان ئیسلام ته‌نها كاتێك شمشێری به كار ئه‌هێنا كه په‌رچێك له ڕێگه‌ی بانگه‌وازی ئیسلامی بهێنرایه پێشێ. كه ڕێگری له‌وه ئه‌كرد، كه خه‌ڵكی ڕێنمایی ئه‌م دینه ببن. یه‌كێك له به‌ر قه‌رارترینی ئه‌م بڕیاره‌ش لادانی حوكمی بێ باوه‌ڕان و سڕینه‌وه‌ی یاسای كوفره‌كان بوو، له‌م ڕێگه‌وه ئیسلام به‌و كه‌سانه نیشان ئه‌درا و ڕائه‌گه‌یه‌نرا كه له ژێر نیری تاغوتاندا داد‌و بێداد و واوه‌یلایان بوو.
چونكه ئه‌سڵ و بنه‌ڕه‌تی ئیسلام، ڕزگار كردنی به‌نده‌ی خوایه له زوڵم و سته‌می یاسا‌و ڕێسا سته‌مه‌كانه‌وه بۆ دادگه‌رایه‌تی ئیسلام، وه بۆ ڕزگار كردنی به‌نده‌كانه له به زۆر به‌ندایه‌تی و مل كه‌چ كردنیان بۆ سته‌مكاران، بۆ ملكه‌چ كردنی ئه‌م خودایه‌ی كه خاوه‌ن هه‌موو فه‌زڵێكه به‌سه‌ر به‌نده‌كانه‌وه.
له لایه‌كی تره‌وه، مادام ئیسلام بۆ ڕێنمایی كه‌ساكانیشه‌وه هاتووه، هه‌ڵبه‌ت ناحه‌ز و دوژمنیشی زۆرن، خۆ ده‌بێت كه به‌رنامه‌و سیسته‌مێكی گونجاوی هه‌بێت كه هه‌م بتوانێت ئه‌م ئیسلامه بۆ خه‌ڵكی به‌رێت و هه‌م ڕوو به‌ڕووی ئه‌مانه‌یش بێته‌وه كه ڕێگری له‌م هیدایه‌ته ئه‌گرن، ئه‌وا پێویستی به‌هێزێك ئه‌بێت، كه پشتی بانگه‌وازه‌كه‌ی پێ قایم كات و له هیچ په‌رچێكیش نه‌سڵه‌مێته‌وه. چونكه ئه‌گه‌ر ئیسلام له چاوی خۆیه سه‌رنجی ده‌ینێ، ئه‌بینین كه ئیسلام ئایینێكه‌و له لای خواوه هاتووه، شتێكیش له لای خواوه بێت، شتێكی جیهانی و گشتگیر ئه‌بێت بۆ خه‌ڵكه‌كه، وێڕای ئینسانیش ئه‌بێ جنۆكه‌ش پێیه‌وه پابه‌ند ببن، وه‌ك خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: وَمَنْ يَبْتَغِ غَيْرَ الْأِسْلامِ دِيناً فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ آ‌ل عمران:85/ واته: جا ئه‌وه‌ی بێجگه له ئاینی ئیسلام په‌یڕه‌وی هه‌ر ئایینێكی تر بكات لێی وه‌رناگیرێت، له ئاخیڕه‌تیشدا له خه‌ساره‌تمه‌ندو زه‌رمه‌ندایه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه وه‌ك باسمان كرد، خوای گه‌وره ئازادی بۆ ئینسان ده‌سته‌مۆ كردووه، ئه‌توانێ كه ئیسلام وه‌ر گرێ و ئه‌یشتوانێ كه ڕه‌تی بكاته‌وه. ئه‌توانێ مسوڵمان بێ وئه‌یشتوانێ كه بێ باوه‌ڕ بێت.
بۆیه كاتێك كه مسوڵمان شه‌ڕێك له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕاندا به‌رپا ئه‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه نییه كه هه‌ر بێباوه‌ڕن، بگره له‌به‌ر زوڵمه‌كانیانه كه له بابای مسوڵمان ئه‌یكه‌ن. ئه‌م جۆره بێ‌باوه‌ڕانه‌ی كه شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا ئه‌كرێت، كه‌سانێكن كه بۆخۆیان كوفریان هه‌ڵبژاردووه و ڕێگه‌ش به مسوڵمانان ناده‌ن كه بۆخۆیان ئیسلام هه‌ڵبژێرن. بۆیه له كوێ كوفر ده‌ستی هه‌بووبێت، هه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه ئیسلام ناشیرین بكات و له به‌رچاوی خه‌ڵكه‌كه‌ی ببوغزێنێت. هه‌وڵ ئه‌دات مزگه‌وتت لێ دابخات، هه‌وڵ ئه‌دات ڕیشت پێ بتاشێت، هه‌وڵ ئه‌دات له‌چكی خوشكه‌كانمان له‌سه‌ر داكه‌نێت، هه‌وڵ ئه‌دات مینبه‌ره‌كانمان به‌سه‌ر خۆیاندا تاپۆ بكه‌ن وهتد... هه‌ر ئه‌مانه‌شن كه هۆكاری شه‌ڕی كوفر و ئیمانن.
هه‌ڵبه‌ت وێڕای فه‌رمایشته‌كانی خوایش له قوڕئان‌دا، فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ریش (صلى الله عليه وسلم) زۆر به ڕاشكاوی ئاماژه به‌و ئاشتی خواستنه‌ی ئیسلام ئه‌ده‌ن، له‌وانه:
پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێ:
(1) ( لا تتمنوا لقا‌ء العدو ، وإذا لقيتموه فاصبروا) أخرجه البخاری فی الجهاد 32/112، 156، ومسلم فی الجهاد 19/20 . واته: خۆزگه به ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ی دوژمن مه‌خوازن، ئه‌گه‌ریش ڕوو به‌ڕوویان بوونه‌وه، ئارام و خۆڕاگر بن.
(2) كاتێ كه پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) مه‌عازی كوڕی جه‌به‌لی بۆ یه‌مه‌ن هه‌نارد (خوا لێی ڕازی بێت) پێی فه‌رموو: (لا تقاتلوهم حتی تدعوهم، فإن أبو فلا تقاتلوهم حتی یبدأكم فإن بد‌ؤوكم فلا تقاتلوهم حتی یقتلوا منكم قتیلاً ثم أرهم هذا القتیل وقولوا له‌م هل إلی خیر من هذا؟ فلأن یهدی الله علی یدیك رجلاً واحداً خیر لك مما طلعت علیه الشمس) الزحیلی، العلاقات الدولیه فی الاسلام، مصدر سابق، ص 38/ واته: شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا مه‌كه‌ن تا بانگیان ئه‌كه‌ن بۆ ئیسلام، ئه‌گه‌ر ڕه‌تیان كرده‌وه، شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا مه‌كه‌ن تا شه‌ڕتان له‌گه‌ڵدا هه‌ڵده‌گیرسێنن، شه‌ڕیان ده‌گه‌ڵدا مه‌كه‌ن تاكو یه‌كێكتان لێ ئه‌كوژن، پاشان كوژراوه‌كه‌یان پێ‌نیشان ده‌و پێیان بڵێ، ئایا له‌وه باشتر رێگه‌ی ترتان لا نییه؟ (ئینجا پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)) فه‌رمووی: ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌سه‌ر ده‌ستی تۆ خوا هیدایه‌تی بدات، باشتره له‌و دونیایه كه تیشكی ڕۆژی به‌ر ئه‌كه‌وێت.
(3) كاتێ كه پێغه‌مبه‌ر سوپایه‌ك یان له‌شكرێكی بۆ شوێنێك به ڕێ بكردایه، پێی ده‌فه‌رموون: (تألفوا الناس ولا تغيروا على حي حتى تدعوهم إلى الإسلام فوالذي نفس محمد بيده ما من أهل بيت من وبر ولا مدر تأتوني به‌م مسلمين إلا أحب إلي من أن تأتوني بنسائهم وأبنائهم وتقتلون رجالهم) زوائد الهيثمي، الجز‌ء الثاني، الحديث رقم 637/ واته: خه‌ڵكی په‌یوه‌ست و گونجاو بكه‌ن، هێرش بۆ هیچ گه‌ڕه‌كێك مه‌به‌ن، تاكو بانگیان ئه‌كه‌ن بۆ ئیسلام، سوێند به‌و كه‌سه‌ی كه گیانی موحه‌ممه‌دی به‌ده‌سته، هیچ ماڵێك له دێهات و بن ڕه‌شماڵێك نییه كه مسوڵمانانی لێ په‌یا بن و به‌م هه‌واڵه‌وه بگه‌نه لام، پێم خۆشتره له‌وه كه به هه‌واڵی ئافره‌ت و ڕۆڵه‌كانیانم بێنه‌وه لام و شه‌ڕتان له‌گه‌ڵ پیاوانیان كردبێت.
(4) هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر r هه‌میشه ئامۆژگاری سوپاكه‌ی ئه‌كرد، كه ده‌ست بۆ كێڵگه‌كان درێژ نه‌كه‌ن و داره‌كان نه‌بڕنه‌وه‌و پیرو په‌ككه‌وته‌و ئافره‌ت نه‌كوژن، ئه‌وانه‌ی كه شه‌ڕتان ده‌گه‌ڵدا ناكه‌ن و له دوور‌و نزیكه‌وه پشكیان له شه‌ڕه‌كانیشدا نه‌بووه.
وه‌ك ده‌یفه‌رموو: (اغزو باسم الله في سبيل الله قاتلوا من كفر بالله أغزو ولا تغلوا ولا تغدروا ولا تمثلوا ولا تقتلوا وليدا) صحيح مسلم، الجز‌ء الثالث، الحديث رقم (1731 ] / واته: به ناوی خوا تێبكۆشن و له ڕێگه‌ی خوادا بجه‌نگن، شه‌ڕ ده‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا بكه‌ن كه باوه‌ریان به خوا نییه، جیهاد بكه‌ن و ده‌ستدرێژی مه‌كه‌نه سه‌رو ناپاكی مه‌كه‌ن و كه‌س ئه‌تك مه‌كه‌ن، منداڵان مه‌كوژن.
هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ڕێگری كردووه له ئه‌تك كردنی خه‌ڵكی، ئه‌گه‌ر چی كافرانیش ئه‌وه‌یان له ده‌رهه‌ق بڕواداراندا كردبێت. (قتادة) ئه‌ڵێت: پێمان گه‌یشتووه كه‌وا پێغه‌مبه‌ر r زۆر هانی خه‌ڵكی داوه كه هه‌رده‌م سه‌ده‌قه‌و خێر‌و خێرات بكه‌ن، وه ڕێگری كردووه له ئه‌تك كردن و بێ حوڕمه‌تكردنی خه‌ڵكی. (صحيح البخاري، الجز‌ء (5)، الحديث (3956)) . (ئه‌تك كردن: واته: گوێی ببڕیت یان چاوی هه‌ڵكۆریت، یان زمانی ببڕیت یان لووتی...هتد)
(5) هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) فه‌رمانی داوه به ده‌فن كردنی بێ باوه‌ڕان، وه فه‌رمانی داوه كه هیچ ته‌رمی بێ باوه‌ڕێك له گۆڕه‌پانه‌كان جێ نه‌هێڵن، تا نه‌بێت به خواردنی جن و جانه‌واران و باڵنده‌كان. هه‌روه‌ك ڕێگری كردووه له‌وه كه بریندارانی بێ باوه‌ڕ به بێ تیمار جێ بهێڵدرێن.
هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له‌گه‌ڵ ئه‌و بێ باوه‌ڕانه‌ی كه له‌شه‌ڕدا شكستیان هێنا بوو زۆر به‌ڕێزو دلۆڤان بوو، بۆ ڕاستی قسانیش، یه‌ك نموونه ئه‌هێنینه‌وه.
ڕوون و ئاشكرایه كه دوایین شه‌ڕی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له گه‌ڵ قوڕه‌یشییه‌كان، به فه‌تح كردنی مه‌ككه له سه‌ر ده‌ستی مسوڵمانان كۆتایی هات.
به‌ڵام ده‌زانن له دوای ئه‌مه چی ڕوویدا؟
هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه تا دوێنێ ئازاری پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) یان داوه‌و ناپاكیان ده‌گه‌ڵدا كردووه‌و له خاك و وڵاتی خۆی وه ده‌ریان ناوه‌و هێنده‌یان ئازار پێ گه‌یاندووه تا له كاتی نوێژه‌كانیدا به پێیان چوونه‌ته سه‌ر سه‌ری، هه‌تا پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌یفه‌رموو: هێنده ئازاریان پێ ئه‌گایاندم كه وه‌خت بوو هه‌ردوو چاوه‌كانم ده‌گه‌ڵی ده‌ر بچن، پیسایی و پاشه‌رۆك و ڕیخۆڵه‌ی حوشتریان له پشته ملی ده‌ئاخنی..به‌ڵام پاداشتی ئه‌م هه‌موو زوڵم و زوڵمكاریه‌ی كه لێیان كرد، ده‌زانن چی بوو؟
ئه‌وه‌تا ئێستا هه‌موو ئه‌وانه به زه‌لیلی و سه‌ر شۆرشی و ده‌سته‌و سانی كه‌وتوونه‌ته‌وه به‌رده‌ست پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ، ئه‌بینین پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) پێیان ده‌فه‌رموێ: (ما تظنون أني فاعل بكم؟) گومانی چی ئه‌به‌ن كه ده‌گه‌ڵتانا بیكه‌م؟، ئه‌وانیش ئه‌ڵێن: (أخُ كريم وابن أخٍ كريم) برایه‌كی به‌ڕێزو برازایه‌كی دڵسۆز. ئینجا پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) پێیان ده‌فه‌رموێ: من هه‌ر ئه‌وه‌ی یوسفی برام (عليه السلام) ئه‌ڵێمه‌وه، كه فه‌رمووی: قَالَ لا تَثْرِيبَ عَلَيْكُمُ الْيَوْمَ يَغْفِرُ اللَّهُ لَكُمْ وَهُوَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ یوسف:92/ واته: خه‌متان نه‌بێ ئه‌مڕۆ ئیتر هیچ سه‌رزه‌نشتێكتان ناكه‌م، خوا لێتان خۆش بێ، بێگومان ئه‌و زاته له هه‌موو میهره‌بانان میهره‌بانتره. ئینجا فه‌رمووی: (اذهبوا فأنتم الطلقاء) اخرجه البخاري في المغازي 3/345/ ] . واته: بڕۆن ئێوه ئازادن.
(6) هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی سه‌باره‌ت به دیله‌كانی شه‌ڕ، پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌یفه‌رموو: (استوصوا بالأسرى خيراً) (مناظرة بين الإسلام والنصرانية. ض 338- 341) واته: له‌گه‌ڵ دیله‌كاندا باش بن.
ئه‌مه ئیسلام بوو، به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر چاوێك به شه‌ڕه‌كانی خاچپه‌رستان بگێڕیت، شتی زۆر سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ت دێنه به‌ر چاو، له‌م هه‌موو كوشت و بڕه‌ی كه له ئه‌هلی ئیسلام كردوویانه.. ئه‌م شه‌ڕه خاچ په‌رستیه‌ی كه سێ سه‌ده‌ی خایاند چ قه‌سسابخانه‌یه‌كیان له ئه‌هلی ئیسلامدا خولقاند. به ملیۆنه‌ها كه‌سی تیا كوژرا، هه‌زاران گوند‌و دێهاتی تیا خاپوور كرا، هه‌زاران مزگه‌وت و په‌رستگا ته‌ختكرا، سكی هه‌زاران ئافره‌تی دووگیانیان هه‌ڵدڕی و كۆرپه‌كانیان لێ ده‌ر ئه‌هێنان وپاشان ئه‌هاویشترانه نێو كووره‌ی ئاگرو ئه‌یانسووتاندن!
یه‌كێك له‌وانه‌ی كه شه‌ڕی خاچپه‌رستی له ئه‌ستۆ بوو، ناوی (شارلمان) بوو، ئه‌مه ئه‌و كه‌سه بوو نه‌سڕانیه‌تی به‌زۆری و به زه‌بری شمشێر به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا سه‌پاند، هه‌روه‌ها (ركنوت) شا، قڕانی هێنا به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه نه‌سڕانی نه‌بوون.
هه‌روه‌ها (أولاف) شا له نه‌رویج، هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ر بڕی كه ئاماده نه‌بوون ببنه نه‌سڕانی، ده‌ست و قاچیانی بڕی و بن بڕی كردن، تا وای لێ هات تێكڕای وڵاتانی ئه‌وربیان به نه‌سڕانیه‌ت یه‌كالا كردنه‌وه.
له شاخی ڕه‌ش (جبل الأسود) له به‌لقان، ئه‌سقه‌فی حاكم (دانیال بیتر وفتش) سه‌رۆكایه‌تی ئه‌كرد، له شه‌وی جه‌ژنی سه‌ری ساڵدا له ساڵی 1703 ی زایینی هه‌زاران كه‌سی غه‌یره مه‌سیحی تێدا سه‌ر بڕی.
هه‌روه‌ها له حه‌به‌شه (سیف ا‌لدین أرعد)ی شا له نێوان ساڵانی (1342- 1370) هه‌موو ئه‌وانه‌ی كوشت كه ئاماده نه‌بوون ببنه مه‌سیحی، یان دووری خستنه‌وه له شار.
هه‌روه‌ها ئه‌بینین كه‌وا نه‌سڕانیه‌ت بوو نه‌ك ئیسلام كه هنووده سووره‌كانی له ئه‌مریكا بن بڕ كرد.
هه‌ر مه‌سیحیه‌تیش بوو كه گه‌لی سته‌مدیده‌ی فه‌له‌ستینی له خاك و نیشتیمانی خۆیاندا هه‌ڵكێشا، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌سلیم به دوژمنانی خوا‌و پێغه‌مبه‌ری بكه‌ن.
ئه‌ی ئاخۆ بزانین كه كێ بوو جه‌نگی جیهانی هه‌ڵایساند، كه له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م ده ملیۆنی تیا كوژرا و له ئی دووه‌میش حه‌فتا ملیۆنی تیا له نێو چوو، واته له ماوه‌ی هه‌شت ساڵی هه‌ردو شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م زیاتر له هه‌شتا ملیۆن كه‌سی تیا كوژرا..! یه‌كێك له سه‌ختترین و خراترین كاره‌سات جنێو سایده‌كه‌ی هێڕۆشیما و ناكازاكی بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ڕوویاندا، واته له ماوه‌ی بیست و سێ ساڵدا، ته‌نها هه‌زارو هه‌ژده كه‌س له كافرو مسوڵمانی تیا كوژرا.
بۆیه ئه‌بینین كه له شه‌ڕی خاچپه‌رستی دا، له‌و كاته‌ی كه (بیت المقد‌س) گه‌مارۆ درا بوو، گه‌مارۆكه هێنده‌ی خایاند‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی هێنده نا ڕه‌حه‌تكران، هانایان بۆ (طنكرد) برد كه سه‌ركرده‌ی كاره‌كه بوو له‌وێ ڕۆژێدا، كه پارێزكاری له ماڵ و نه‌فسیاندا بكات، ئه‌میش ئه‌وانی پێدان كه بچنه مزگه‌وتی ئه‌قساو ئاڵای ئه‌مان هه‌ڵكه‌ن، ئه‌وانیش وایان كرد‌و ڕوویان كرده مزگه‌وتی ئه‌قسا، مزگه‌وت پڕ ئه‌بێت له پیرو منداڵ و له ئافره‌ت، به‌ڵام له دواییا به‌سه‌ریان دادان و وه‌ك مه‌ڕ هه‌مووانیان سه‌ر بڕی. تا هه‌ر له‌و مزگه‌وته لافاوی خوێن هه‌ڵسێنرا، تا خوێن به‌ره‌و ئه‌ژنۆی ئه‌سپه‌كانیان به‌رز بووه‌وه، جاده‌و شۆسته‌كان پڕ كران له كه‌لله‌ی سه‌رو قاچ و ده‌ستی بڕاوو لاشه‌ی ئه‌نجن ئه‌نجن كراوی ئه‌تك كرا‌و.
مێژوونووسان ئه‌ڵێن: ئه‌وانه‌ی كه به‌س له مزگه‌وتی ئه‌قسا شه‌هید كران ژماره‌یان گه‌یشته حه‌فتا هه‌زار كه‌س، ئه‌مه هه‌تا مێژووناسانی فه‌ڕه‌نجیش نكووڵی له‌و بێ ئابڕوویه‌ی خۆیان ناكه‌ن.
به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر ئاوڕ له لاپه‌ڕه‌كانی ئیسلامی بده‌ینه‌وه، كه له دوای نه‌وه‌د ساڵ دوای ئه‌و قه‌سسابخانه‌یه، باپیره‌مان (صلاح ا‌لدین)ی ئه‌ییوبی دوای ئه‌وه‌ی كه فه‌تحی قودسی كرد، چ هه‌ڵوێستێكی نواند له به‌ردم ئه‌و خوێنمژانه‌ی كه دوێنێ هه‌ر له‌و مزگه‌وته پاكه چه‌ند به پیسی خوێنی ئه‌و هه‌موو مسوڵمانه‌یان تا ڕشت!
كه‌چی (صلاح ا‌لدین) له ده‌رهه‌ق سه‌د هه‌زار بێگانه، وه‌ك پیاو ئاشتی خوازی ئه‌و ئیسلامه پاكه له‌به‌رده‌م ئه‌مان ئه‌سه‌لمێنێ و ماڵ و منداڵیان ئه‌خاته ئه‌مانه‌وه.(حوار صريح بين عبدالله وعبدالمسيح . د. عبدالودود شلبي ص 190- 191).
ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاشمان چاكترین به‌ڵگه‌ن بۆ ئاشتی خواستنی ئیسلام و شه‌ڕانگێزی ئه‌وانیتر.
ئه‌بینین كه جووله‌كه ڕۆژانه چی به‌سه‌ر فه‌له‌ستین ئه‌هێنن، چۆن شه‌ڕی خاچپه‌رستی سه‌ر له نوێ به‌شێوازی خراتر، به‌چه‌كی قوڕستر، به پیلانی چڵكنتر خه‌ریكی له به‌ین بردنی ئه‌هلی ئیسلامن، ئه‌بینین كه چیان به‌سه‌ر ئه‌فغانستان هێنا، پاشان عێڕاقیان چۆن له خشته‌ی جیهانی سڕیه‌وه، چۆن مێژوویان لێ سه‌ندنه‌وه، چۆن، فه‌رهه‌نگیان لێ سه‌ندنه‌وه، چۆن به‌غدای پایته‌ختی خه‌لافه‌تی ئیسلامیان كرد به گۆمی خوێن و مزگه‌وته‌كانیان لێ ته‌قاندنه‌وه، چۆن دار‌و به‌ردو خاكیان لێ ته‌ختكردن و ئاوی سازگاریان لێ گرتنه‌وه، چۆن منداڵانیان له ناز و سۆزی باوانیان مه‌حڕووم كرد‌و (منداڵی)یان لێ سه‌ندنه‌وه.. ئه‌وه‌تا ئێستا له سایه‌ی به ناو ئازادیه‌كه‌ی خاچ په‌رستان هه‌ر له نێوان چل كه‌سدا یه‌كێك ناوی له لیستی كوژراواندا تۆماره، له‌ماوه‌ی سێ ساڵی داگیر كردنی عێڕاقدا زیاتر له شه‌ش سه‌دو په‌نجا هه‌زار كه‌س له‌و گه‌له سته‌مدیده‌یه به ناهه‌ق و به غه‌در كوژراون، جگه له‌وه كه هه‌زاران هه‌زار خێزان په‌ڕاگه‌نده‌ی ئه‌م شار‌و ئه‌و شار بوونه‌ته‌وه، جگه له‌و هه‌موو زیندانیه‌ی كه زیاتر له سه‌د هه‌زار كه‌س به زۆر به ناهه‌ق له‌زیندانه ئاشكرا‌و نا ئاشكراكاندا ژیانی پڕ ژان به ڕێ ئه‌كه‌ن...هتد.
به ڕاستی ئه‌مه‌ی كه دوژمنانی ئیسلام تا ئێستا به سه‌ر ئه‌هلی ئیسلام هێناویانه، گه‌وره‌ترین ناونیشانی شه‌ڕ خوازی دوژمنان و ئاشتی خواستنی ئیسلامی ئه‌گه‌یه‌نێت.
هه‌ر ئیسلامه كه‌ڕامه‌تت ئه‌پارێزێت، مافی بوونت ئه‌پارێزێت، ماڵ و خاك و ژیان و گیانت ئه‌پارێزێت، ئیسلامه وات لێ ئه‌كا و دروستت ئه‌کات، که‌چی هه‌رچی خوێن مژی و شه‌ڕانگێزیش كه هه‌یه ده‌ستاوی دوژمنانی خوا‌و پێغه‌مبه‌ری ئه‌كڕه‌من (صلى الله عليه وسلم) .
هێمنی شاعیریش ڕاستی فه‌رمووه كه ئه‌ڵێت:
گێژه ئه‌و كه‌سه‌ی فریوی وی خوارد .... خۆی له ڕێبازی موسوڵمانی بوارد
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
1. فریوی وی خوارد: مه‌به‌ستی فریوی حیزبی به‌عسی خوارد
2. سه‌رچاوه: پێگه‌ی (الحقیقة العظمی) http://www.truth.org.ye/index.htm |